بەرزترین جۆلانەی ئەورووپا لە بەرلینە

لە بەرلینی پایەختی ئەڵمانیا بە بەرزیی 120 مەتر، جۆلانەیەک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران دانراوە و بە بەرزترین جۆلانە لە ئەورووپا دادەنرێت. خەڵك دەتوانن لەسەر ئەو جۆلانەیەوە سەیری دیمەنی یەکێک لە بەناوبانگترین گۆڕەپان و باڵەخانەکانی ئەڵمانیا بکەن.

جۆلانەکە لە ناوەڕاستی شاری بەرلین بۆ ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران دانراوە، بەڵام بۆ ئەو کەسانە نەشیاوە کە دڵیان لاوازە، چونکە جۆلانەکە لەسەر باڵەخانەیەکی 40 نهۆمی دانراوە کە بەرزییەکەی 120 مەترە، پاسکال لە ڕۆژی لە دایکبوونی هاتووە سەرکێشی بە ژیانی خۆی بکات و جۆلانە بەرزەکەی بەرلین تاقیی بکاتەوە.

پاسکال، هاووڵاتی ئەڵمان، دەڵێت: ویستم بۆ ڕۆژی لە دایکبوون شتێکی تایبەت تاقیی بکەمەوە، دەمزانی شوێنێکی نوێ لە شارەکە کراوەتەوە و دەمویست تاقیی بکەمەوە، هەست بە سەرکێشییەکە بکەم و لە تەمەنی 36 ساڵی هەست بە گەنج بوونەوە بکەم".

جۆلانەکە دەکەوێتە گۆڕەپانی ئەلیکساندەر پلاتز لە پایتەختی ئەڵمانیا و لەو شوێنەوە خەڵك دەتوانن دیمەنێکی سەرنج ڕاکێشی تاوەری تەلەفزیۆنی بەرلین و ناوەڕاستی شارەکە ببینن.

ڤیکتۆریا، هاووڵاتییەکی دیکەی ئەڵمان گوتی: دیمەنەکە ناوازەیە و پێشنیاز دەکەم خەڵك سەردانی بکەن، ئەگەر سەردانی بەرلین بکەی پێویستە سەردانی تاوەری تەلەفزیۆن بکەی کە لەوێ دیمەنەکە زۆر جوانە، هەروەها لە ناوەڕاستی شارەکە بی و هەست بکەی دەفڕی زۆر خۆشە".

ئێستە ئەو جۆلانەیەی بەرلین بە بەرزترین جۆلانە لە ئەورووپا دادەنرێت، نرخی سواربوونی جۆلانەکە بۆ هەر پێنج خولەکێک 20 یۆرۆیە، هەروەها بووەتە ڕکابەری تاوەری تەلەفزیۆنی لە ڕاکێشانی سەرنجی گەشتیاران بۆ بینینی شاری بەرلین.