شێروان و دێڤا بەرهەمێکی دووقۆڵییان بڵاو کردەوە

هەردوو هونەرمەندی گۆرانیبێژ شێروان عەبدولڕەحمان و دێڤا، بەرهەمێکی دووقۆڵییان بەناوی "هەر لە لامی" بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ لەکەناڵی یوتیوب بڵاو کردەوە

دووشەممە، 12ـی ئابی 2024، هونەرمەندی گۆرانیبێژ شێروان عەبدولڕەحمان، دەربارەی بڵاوکرنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو بەرهەمە نوێیەم لەگەڵ دێڤا، لە تێکست و ئاوازی هێمن هەژارە و کاری میوزیک و ئەرانجمێنت لەلایەن موحسین ئەریوان بۆی کراوە و ناسڕ حەیدەری دەرهێنانی بۆ ڤیدیۆ کلیپی بەرهەمەکە کردووە.

گوتیشی: ئەو بەرهەمە نوێیەم ماوەیەکە تۆمارمان کردووە، بەڵام ئارەزووم کرد کلیپێکی بۆ بکەین ئینجا بڵاوی بکەینەوە، بەرهەمێکی زۆر تایبەتە لای من و هیوادرم لای هەمووان تایبەت بێت و چێژی لێ وەربگرن.

شێروان عەبدولڕەحمان و دێڤا، دوو هونەرمەندی گەنجن و ماوەیەکە دەستیان بەکاری هونەری و کردووە و تا ئێستایش بەردەوامن لە کاری هونەری.