تیروپشكی چامپیۆنزلیگی ئاسیا راكێشرا

3 یاریزانی كوردی نوێی یانەی قوە جەوییە (عەلی شاخەوان، محەمەد سامی و هێران ئازاد)
3 یاریزانی كوردی نوێی یانەی قوە جەوییە (عەلی شاخەوان، محەمەد سامی و هێران ئازاد)

تیروپشكی قۆناغی چامیپیۆنزلیگی ئاسیا بۆ ئاستی دووەمی پاڵەوانێتییەكە راكێشرا و یانەی قوە جەوییە هاوشانی یانەیەكی خولی رۆشنی سعوودیە كەوتنە كۆمەڵەی دووەم.
ئەمڕۆ هەینی، 16 ئابی 2024، لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا لە كوالالامپوری پایتەختی مالیزیا تیروپشكی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا بۆ ئاستی دووەم بۆ یانەكانی رۆژئاوای ئاسیا راكێشرا كە تێیدا 16 یانە بەسەر چوار كۆمەڵەدا دابەش كران.
لە كۆمەڵەی یەكەم، وەكرەی قەتەری، تركتوری ئێران و جاینتی هیندی و رافشانی تاجیكستانی بەیەكەوە یاریی دەكەن.
لە لایەكی دیكەیشەوە، قوە جەوییەی عێراق هاوشانی یانەی تەعاونی سعوودیە و خالدییەی بەحرێنی و ئالتینی تاجیكستانی كەوتنە كۆمەڵەی دووەم.
كۆمەڵەی سێیەمیش پێك دێت لە سێباهانی ئێرانی، شاریقەی ئیماراتی و ئیستقلالی تاجیكستان و وەحداتی ئوردنی.
كۆمەڵەی چوارەمیش یانەكانی شەباب ئەهلی ئیماراتی، ناسافی ئۆزبەكیستانی، حسێنی ئوردنی و كوێتی كوێتی لەخۆگرتووە.
پاڵەوانێتییەكە 32 یانە لەخۆ دەگرێت، 16 یانە تایبەتە بە وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا، 16 یانەی دیكەش سەر بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیایە كە سەرجەمیان لە 8 كۆمەڵە پێك دێن، هەر كۆمەڵەیەك چوار یانەی لە خۆگرتووە، یەكەم و دووەمی هەر كۆمەڵەیەك راستەوخۆ بۆ قۆناغی 16 سەر دەكەوێت و یارییەكانیش بەشێوازی چوون و هاتن بەڕێوە دەچین، یارییەكانی قۆناغی كۆمەڵەكان لە رۆژی 17ـی مانگی داهاتوو دەست پێ دەكات و لە رۆژی 5/1/2025 كۆتایی دێت، یاریی قۆناغی 16 لە مانگی شوباتی 2025 دەست پێ دەكات، یاریی كۆتاییش لە رۆژی 17/5/2025 بەڕێوە دەچێت.