رۆژنامەنووسێكی سعوودیە: نەسر حەز دەكات لە هەولێر یاریی بكات

كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی یانەی نەسری سعوودیە
كریستیانۆ رۆناڵدۆ ئەستێرەی یانەی نەسری سعوودیە

تیروپشكی قۆناغی چامیپیۆنزلیگی ئاسیا بۆ ئاستی یەكەم راكێشرا و یانەی نەسر بە سەركردایەتی كریستیانۆ رۆناڵدۆ سەردانی عێراق دەكات و رووبەڕووی یانەی شورتە دەبێتەوە، رۆژنامەنووسێكی سعوودیەش بە كوردستان24ـی راگەیاند یانەی نەسر حەز دەكات یارییەكەیان لە هەولێر بكەن.
ئەمڕۆ هەینی، 16 ئابی 2024، لە بارەگای فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا لە كوالالامپوری پایتەختی مالیزیا تیروپشكی قۆناغی كۆمەڵەكانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا بۆ ئاستی یەكەم و دووەم بۆ یانەكانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئاسیا راكێشرا.
فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا گۆڕانكاری زۆری لە شێوازی بەڕێوەچوونی پاڵەوانێتییەكە كردووە، تەنیا بەهێزترین 24 یانەی هێشتووەتەوە، 12 یانە تایبەتە بە وڵاتانی رۆژئاوای ئاسیا، 12 یانەكەی دیكەش سەر بە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیام.
لە قۆناغی یەكەم هەر یانەیەك رووبەڕووی 8 یانەی جیاوازی پاڵەوانێتییەكە دەبێتەوە، چوار یاریی لەسەر خاكی خۆی دەكات، چوار یاریش لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجام دەدات.
یانەی شورتە پاڵەوانی خولی ئەستێرەكانی عێراق كە دوو یاریزانی كوردی تێدا ئاكام هاشم و ئەحمەد زێرۆ لە قۆناغی یەكەمی چامپیۆنزلیگی ئاسیا رووبەڕووی دوو یانەی سعوودیە دەبێتەوە كە پێكهاتوون لە یانەكانی نەسر و هیلال.
شورتە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر هیلال یاریی دەكات، بەڵام نەسر بە سەركردایەتی كریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی بۆ رووبەڕبوونەوەی شورتە دەبێت سەردانی عێراق بكات.
بە گوێرەی میدیایەكانی عەرەبی عێراقی یانەی شورتە یارییەكانی خۆی لە چامپیۆنزلیگی ئاسیا لە نێو یاریگەی كەربەلا دەكات، بەڵام رۆژنامەنووسێكی سعوودیە بە كوردستان24ـی راگەیاند هێشتا دڵنیانین یارییەكەی نێوان نەسر و شورتە لە كام شوێن بەڕێوە بچێت.
لەمبارەیەوە عیسا ئەلمسمار رۆژنامەنووسی ناوداری سعوودیە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند هێشتا شوێنی بەڕێوەچوونی یاریی شورتە و نەسر بە تەواوەتی ڕوون نییە.
عیسا ئەلمسمار یەكێكە لە بەشداربووە رەخنەگرەكانی كەناڵی بی ئێن سپۆرتی قەتەری، بە كوردستان24ـی راگەیاند سعوودییەكان حەز دەكەن یارییەكەی نەسر و شورتە لە هەولێر بكرێت.
لە لایەكی دیكەیشەوە، یانەی شورتە لە قۆناغی یەكەمی چامپیۆنزلیگ لەسەر خاكی خۆی رووبەڕووی تیپەكەی هێرنان كریسپۆ دەبێتەوە كە یانەی عەینی ئیماراتییە.
یانەی شورتە چوار یاریی لە دەرەوەی خاكی خۆی بەرامبەر یانەكانی هیلالی سعوودی، ئیستقلال و پێرسپۆلیسی ئێرانی و ئەهلی ئیماراتی دەكات.
یارییەكانی قۆناغی یەكەمی چامپیۆنزلیگی ئاسیا لە رۆژی 16ـی مانگی داهاتوو دەست پێ دەكات و تاوەكو رۆژی 19ـی شوباتی 2025 بەردەوام دەبێت.
بۆ یەكەمجار سیستەمێكی نوێ لە پاڵەوانێتییەكە پەیڕەو كراوە كە بڕیارە یارییەكان لە قۆناغی چارەكی كۆتاییەوە سەرجەم یارییەكان لە یەك وڵات بەڕێوە بچن، بۆ ئەمجارە وڵاتی سعوودیە دەستنیشان كراوە.

 

.