د. تاریق زیا ئیکینجی کێیە؟

تاریق زیا ئیکینجی لە 25ـی شوباتی 1925 لە شاری لیجەی دیاربەکر لەدایک بووە. ئێکینچی لە 15ـی ئابی 2024، کۆچی دوایی کردووە.
سیاسەتمەدار، نووسەر، مێژوونووس، پزیشک و داکۆکیکاری مافی مرۆڤی کورد بووە، لە 15ـی ئابی 2024، لە تەمەنی 99 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لە 18ـی شوباتی 1925 لە شارۆچکەی لیجەی دیاربەکر لەدایک بووە. لە ساڵی 1949 لە فاکەڵتی پزیشکی ئەستەنبوڵ دەرچووە. پسپۆڕی لە فاکەڵتی پزیشکی لە پاریس، بوو بە پسپۆڕی پزیشکی.
وەک سەرۆکی ژوورە پزیشکییەکانی دیاربەکر و ماردین و سیرت و ئەندامی دەستەی باڵای فەخری کۆمەڵەی پزیشکی تورکیا (TTB) کاری کردووە.
مانیفێستی سۆسیالیستی گۆڤاری "یۆن"ـی مۆرکردووە، لەگەڵ کۆمەڵێک هاوڕێی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری سۆسیالیستی دامەزراندووە و وەک سەرۆکی لقی دیاربەکر کاری کردووە.
لە ساڵی 1957 لە پارتی کۆماریخوازیی گەل (جەهەپە) دەستی بە سیاسەت کردووە. لە دامەزرێنەرانی پارتی کرێکارانی تورکیا (TİP) بووە. ساڵی 1965 لە تاپەوە بە جێگری دیاربەکر هەڵبژێردرا. یەکێک بوو لە یەکەم سیاسەتمەدارەکان کە هەوڵیدا پرسی کورد بگەیەنێتە پەرلەمان. لەو ماوەیەدا ڕۆڵێکی کارای لە ناساندنی شوناسی کورد و داکۆکیکردن لە مافە ڕۆشنبیرییەکانی گەلی کورد بینیوە.
دوای کودەتاکەی 12ـی ئەیلوولی 1980 پێنج جار دەستبەسەر کراوە. لە نێوان ساڵانی 1982-1989 لە پاریس ماوەتەوە و بەردەوام بووە لە نووسین و پرسی کورد. دواتر دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ تورکیا. لە کۆتاییدا بەشداری لە دەستەی ڕاوێژکاری پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کردووە.
لە ساڵی 2020دا سەرجەم ئەو داهاتەی لە فرۆشتنی 614 زەوی بەدەستی هێناوە کە لە بنەماڵەکەیەوە بە میرات بۆی ماوەتەوە، بەخشیویەتییە دامەزراوەی ئیسماعیل بێشیکچی.
پارێزەر ڕوشەن ئەرسلان، لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ئیکینجی سەبارەت بەو بەخشینە دەڵێ: "ئەو زەوییانە هەرچەندە لە باوکمەوە بە میرات ماوەتەوە بۆم، بەڵام موڵکی گەلی کوردن، دەمەوێت ئەو زەویانە ببەخشم بە دامەزراوەیەک کە کاری بە سوود بۆ گەلی کورد بکات".
ئیکنجی نووسەر خاوەنی چەندان کتێبە بە ناوەکانی؛ درامای ڕۆژهەڵات 1966، دەوڵەت و من 1995، کوشتنێکی چارەسەرنەکراو 1994، کێشەی کورد لە ڕووی هاووڵاتیبوون و پێشنیاری چارەسەر 1997، دیموکراسی، فرە کولتووری و سەرگەرمییەکی دادوەری 1999، لە کتێبی یەکێتی ئەورووپا کێشەی پاراستنی کەمینەکان، تورکیا و کورد 2001، کێشەکانی سیاسەتی چەپ، پارتی کرێکارانی تورکیا و ڕۆشنگەری کورد 2004، کێشەکانی نەتەوە، ناسیۆنالیزم، دەوڵەت و دەستوور 2004، کێشەکانی دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە تورکیا 2004 کێشەکانی تورکیا ڕێبازە ڕەخنەگرانەکان بۆ سیاسەتی کوردی 2004 مۆدێرنیزاسیۆنی تورکیا و کورد 2006 یادەوەریەکانم لە مێشوولەوە تا پاریس 2011.