کۆمیسیۆن له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان
باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، چۆنیەتی ئەژمارکردنی دەنگەکان و چۆنیه‌تی دابه‌شكردنیان به‌سه‌ر کورسییەکانی پەرلەمان شیدەکاتەوە و دەریدەخات کە دیاریکردنی کورسی پەرلەمان بە ڕێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییانەوە بەستراوەتەوە.

کارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنە چاوەڕوانکراوەکەی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامە و هەوڵ دەدات ئەو خشتە کاتییەی کە دیاریکردووە وەک خۆی جێبەجێی بکات بۆ هەڵبژاردنێک کە لە ئێستەوە لەسەر چۆنیەتی ئەژمارکردنی دەنگ و دابەشکردنی بەسەر کورسییەکانی پەرلەماندا، پرسیار دروست بووە.

نەبەردعومەر، بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "بۆ نموونە ئەگەر لە پارێزگای هەولێر 500 هەزار کەس بەشداری لە هەڵبژاردن بکەن، لەو ژمارەیە دەنگی ڕاست دەردێنین و دابەشی سەر 32 کورسی دەکەین و نرخی کورسیمان بۆ دیاری دەکات."

دیاریکردنی نرخی هەر کورسییەک بەستراوەتەوە بە ڕێژەی بەشداریکردنی هاووڵاتییان لە پرۆسەی دەنگداندا، دەنگەکانی هەر لایەن و هاوپەیمانێتییەک لە سنووری یەک بازنەی هەڵبژاردندا کۆ دەکرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەدا دابەشکراوە دەنگی لیست و هاوپەیمانێتییەکان لە بازنەکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە بەیەکەوە کۆ ناکرێنەوە.

لای خۆیەوە بێکەس قادر،ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، گوتی: ئەو سیستەمەی کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی بە چوار بازنەیی پێ بەڕێوە دەچێ، لە بەرژەوەندی ئەو لیستانەدا نییە کە دەنگی کەمیان هەیە.