دامەزراوەی کوردستان24 بوڵتەنێکی هەواڵەکان بە زمانی عەرەبی پێشکەش دەکات

بوڵتەنی هەواڵەکانی کوردستان24 بە زمانی عەرەبی
بوڵتەنی هەواڵەکانی کوردستان24 بە زمانی عەرەبی

K24 – هەولێر:

دامەزراوەی کوردستان24 بەردەوامە لە پێشکەشکردنی بوڵتەنی هەواڵەکان بە زمانی عەرەبی لە هەفتەیەکدا دوو ڕۆژ، کە هەر بوڵتەنی بۆ ماوەی یەک کاتژمێرە و هەوڵیش دەدرێت بۆ ئەوەی پێشکەشکردنی ئەو بوڵتەنە بکرێتە ڕۆژانە و کاتەکانی پەخشیش بە زمانی عەرەبی زیاتر بکرێت.

بوڵتەنی هەواڵەکان بە زمانی عەرەبی، بەشێوەیەکی سەرەکی زیاتر گرنگی بە هەواڵە سیاسیی، ئەمنی و ئابوورییەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە دەدات.

لە بوڵتەنی هەواڵەکان بە زمانی عەرەبی کە ئەمشەو دووشەممە کاتژمێر 9:00ـی پەخش دەکرێت، باس لە بەردەوامی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و میوانداری ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستانی کردووە کە باس لەو ئاسانکارییانە دەکات کە پێشکەش بە گەشتیاران دەکرێت، هەروەها ئاماژە بەو پرۆژە نوێیانە دەکات کە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ کراون.

هەر لەو بوڵتەنەدا، تیشک خراوەتە سەر ئەو پێشکەوتنانەی لە کەرتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بەدەستهاتوون، لەگەڵ ئەو ڕێکارە ئەمنییانەی بۆ داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، شوێنەکانی قومارکردن و ئەو شوێنانەی گومان دەکرێت بۆ کاری لەشفرۆشی بەکاربهێندرێت، گیراونەتەبەر بە ئامانجی پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ژینگە لە هەرێمی کوردستان.

هاوکات بوڵتەنی ئەمجارەی هەواڵەکان بە زمانی عەرەبی، لە ڕێگەی تۆڕی پەیامنێرانی دامەرزاوەی کوردستان24ـەوە لە بەغدا، بەسرە و کەربەلا باس لە چەندین بابەتی جیاوازی ئەو ناوچانە دەکات، بەتایبەتی پیسبوونی ژینگە، زیارەتکارانی چلەی ئیمام حوسێن و کەرتی گەشتوگوزار.

بوڵتەنی هەواڵەکان بە زمانی عەرەبی هەموو ڕۆژانی دووشەممە و پێنجشەممە لە پێگە ئەلیکترۆنییەکانی دامەزراوەی کوردستان24 پەخش دەکرێت.

دامەزراوەی کوردستان24 بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ زیاتر پێشخستنی بەشی عەرەبی لە کەناڵەکەی، بۆ ئەوەی ببێتە سەکۆیەک بۆ ڕای گشتیی عەرەبی لە عێراق، بە ئامانجی گەیاندنی پەیامی جیاواز و ببێتە پردێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و جیهانی عەرەبی.

بۆ بینینی پەیجی کوردستان24 بە زمانی عەرەبی لە فەیسبووک، ئێرە کلیک بکە.