كۆنسوڵی ئێران رهتیدهكاتهوه هیچ شاندێكی وڵاتهكهی هاتبێته سلێمانی
K24 - سلێمانی:
زۆربەی لایەنەکان بە یەکێتی نیشتمانی کوردستانیشەوە ئاماژە بۆ ئەوەدەکەن کە شاندی ئێرانی ھاتوونەتە سلێمانی بە مەبەستی چارەسەری کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی، لەبەرامبەریشدا سەرکونسوڵگەری ئێران لە سلێمانی ڕەتی دەکاتەوە ھیچ شاندێكی وڵاتەکەی ھاتبێتە سلێمانی، پرسیار لێرە ئەوەیە ئایا ناوەندگیری ناوخۆیی و دەرەکی تا چەندە دەتوانێت کێشەکانی ئەو حزبە چارەسەر بکات.
دوای توندبوونەوەی ململانێکانی باڵی "ناوەندی بڕیار" و "زۆرینەی مەکتەبی سیاسی" لە ناو یەکێتی نیشتمانی کوردستان و راگەیاندنی بەیاننامەی دژ بە یەك، لە ئێستادا لەگەڵ ئەوەی ئاسۆی چارەسەرەکان ڕوون نيیە, بەڵام ناوەندگیری ناوخۆیی و دەرەکی بۆ کۆتاییھێنان بەو کێشانە لە ئارادایە.
بە گوێرەی زانیاریيەکان بێجگە لە ئێران, لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئەمریکاش لەسەر ھێڵە تا باڵەکان لێک نزیکبکاتەوە، کۆنسوڵی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی, رەتیدەکاتەوە ھیچ شاندێكی ئێرانی ھاتبێتە سلێمانی بۆ ئەو پرسە.
لە راگەیەنراوێکدا, جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر بێلایەنی دەکاتەوە لە ناکۆکيیە ناوخۆییەکانی یەکێتی، ئەوەش لە کاتێکدایە رێکخەری گشتی ئەو بزووتنەوەیە, بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی ھەرێمی کوردستانی بەجێھێشتووە.
لە ئێستاشدا فوئاد مەعسوم سەرۆك کۆماری عێراق ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەکێتی لە سلێمانیە، وەك دەگوترێت ئامانجی سەردانەکەی سەرۆک کۆمار بۆ لێك نزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانی ئەو حزبەیە.