وەزیری شارەوانی: هەر شارەوانییەك نەتوانێت خزمەتی پێویست پێشكەش بكات سزای كارگێڕیی دەدرێت
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هۆشداریی دەداتە شارەوانییەکانی سنووری شاری هەولێر لەوەی، هەر شارەوانییەك كەمتەرخەمی بكات و نەتوانێت خزمەتی پێویست پێشكەش بكات، سزای کارگیڕیی دەدرێت، چونكە خزمەتكردنی هاووڵاتییان ئامانجی سەرەكیی حكوومەتە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوزار بڵاوی کردەوە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ بەدواداچوونی ئیشوكاری بەڕێوەبەرایەتییەكە و تەواوی شارەوانییەكانی دەوروبەری هەولێر، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێری كرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەو وەزارەتە، لەو كۆبوونەوەیەدا كە کە زیاتر لە 30 سەرۆك شارەوانییەكانی دەوروبەری هەولێر و سەرۆك بەشەكانی بەڕێوبەرایەتییەكە ئامادەی بوون، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار تیشكی خستە سەر بایەخدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بۆ هاووڵاتییان بەگشتی و دەوروبەری شارەكان بە تایبەتی. سەبارەت بە ڕوانگەی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی لە گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان، ئاماژەی بەوە كرد مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە حكوومەت و فەرمانگەكانی، حكوومەتی هاووڵاتییانە و ئامانجی سەرەكیی حكوومەتیش دابینكردنی خۆشگوزەرانییە بۆ هاووڵاتییان. بۆیە فەرمانگەكانی شارەوانیش ئەركی سەرشانیانە دەبێت خزمەت بە هاووڵاتییان بكەن و بەوپەڕی ڕێزەوە كار و مامەڵەی هاووڵاتییان جێبەجێ و ڕایی بكەن لەگەڵ گەیاندنی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان بەو شوێنانەی پێویستیانە.
ساسان عەونی، جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە هاووڵاتییان چەقی بایەخدانی حكوومەتن؛ داوای لە سەرۆك شارەوانییەكان كرد كە نابێت مامەڵە و كاری هاووڵاتییان دوابخرێت و دەبێت لە وادەیەكی دیاریكراودا مامەڵەكانیان جێبەجێ بكەن، هەر شارەوانییەكیش كەمتەرخەمی بكات و نەتوانێت خزمەتی پێویست پێشكەش بكات، سزای کارگێڕیی دەدرێت.
وەزیری شارەوانی ماوەی یەك هەفتەی وەكوو مۆڵەت دایە شارەوانییەكان بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا سەبارەت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی نوێ و پرۆسەی خاوێنكردنەوەی شارەوانییەكان بەتایبەتی دەروازەی شارەوانییەكان و بایەخدانی زیاتر بە زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی و جوانكاری لە سنووری شارەوانییەكان، پلانی نوێ پێشكەش بكەن.
هاوكات، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەرجەم شارەوانییەكانی ڕاسپارد دەبێت لە بەیانییەوە دەست بەو پلانە نوێیە بكەن بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی سنووری شارەوانییەكان و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە هاووڵاتییان لە هەموو ڕووێكەوە.