بە فەرمی فیفا سزایەكەی لەسەر یانەی هەولێر هەڵگرت
یانەی هەولێر كێشەكەی لەگەڵ یاریزانە پیشەگەرە تونسییەكە چارەسەر كرد، بەمەش فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهانی ناسراو بە "فیفا" سزایەكەی لەسەر یانەی هەولێر هەڵدەگرێت و یانەكە دەتوانێت یاریزانە نوێیەكانی بۆ بەشداریكردن لە خولی ئەستێرەكانی عێراق تۆمار بكات.
دوای ئەوەی فیفا چوار یانەی خولی ئەستێرەكانی عێراقی لە بازاری گواستنەوەی یاریزانانی ئەم هاوینە سڕ كرد، لە نێویاندا یانەی هەولێریشی تێدا بوو كە بەهۆی كێشەی یاریزانێكی پیشەگەری تونسی نەیدەتوانی هیچ یاریزانێكی نوێی تۆمار بكات، بەڵام ئیدارەی یانەی هەولێر نوێنەرێكی خۆی ڕەوانەی وڵاتی تونس كرد لەگەڵ یاریزانەكە كۆبووەوە و كێشەكەی نێوانیان چارەسەر كرا.
دكتۆر سیروان تەها ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر دوێنێ دووشەممە بۆ چارەسەركردنی كێشەی نێوان یانەكەی لەگەڵ سامی هەمامی سەردانی وڵاتی تونسی كرد، ئەمڕۆ سێشەممە تەواوی شایستە داراییەكانی ئەو یاریزانە كە 40 هەزار دۆلار بوو هی سەردەمی دەستەی كارگێری پێشووی یانەی هەولێر بوو رادەستی ئەو یاریزانە پیشەگەرە تونسییە كرا، بەمەش لە لایەن فیفا سیستەمی تۆماركردنی ناوی یاریزانانی یانەی هەولێر كارا كرا و سزایەكە لەسەر یانەكە هەڵگیرا.
یانەی هەولێر لە دەستپێكی وەرزی رابردوو لەگەڵ بەرگریكاری پیشەگەری توونسی بە ناوی (سامی هەمامی) بەشێوەی ئۆنلاین گرێبەستێكیان لە نێوان خۆیاندا واژۆ كرد بوو، هەولێر كۆپییەك لە گرێبەستە واژۆكراوەكەی هەر بە ئۆنلاین بۆ یاریزانە پیشەگەرە تونسییەكە نارد، بەڵام دوای چەند رۆژێك هەولێر لە گواستنەوەی یاریزانەكە پەشیمان دەبێتەوە، بەمەش ئەو یاریزانە لە فیفا سكاڵا تۆمار دەكات و داوای 4 دەفتەر دۆلار لە یانەی هەولێر دەكات، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی فیفا یانەی هەولێر لە بازاری گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵ سڕ بكات تاوەكو شایستە داراییەكان بۆ ئەو یاریزانە نەگەڕێنینەوە، دواجار ئەو یاریزانە گرەوەكەی لە یانەی هەولێر بردەوە، بەبێ ئەوەی درێسی یانەی هەولێر بپۆشێت و شاری هەولێر ببینێت چوار دەفتەر دۆلاری لە یانەی هەولێر وەرگرت.