بزووتنەوەی نوجەبا هەڕەشەی دەست پێکردنەوەی هێرشی سەر بنکەکانی ئەمەریکا دەکات

بزووتنەوەی نوجەبا کە گرووپێکی میلیشیاکانی نێو بەرەی بە ناو موقاوەمەی عێراقە ڕایگەیاند، ئەو ئاگربەستەی دیاریان کردبوو بۆ دەرفەتدان بە حکوومەتی عێراق و دانووستانەکانی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا، کۆتایی پێهات و لەمەو دوا هەموو بژاردەیەکیان لەبەردەستە بۆ هێرشکرنەوەی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا.
حەیدەر ئەللامی ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی بزووتنەوە نوجەبا بە ڕۆژنامەی زە ناشیۆناڵی ئەمەریکی ڕاگەیاندووە، گرووپەکانی بەرەی موقاوەمە لە عێراق کۆتاییان بەو ئاگربەستە هێناوە و ئێستا هەموو بژاردەکان لەبەردەستن بۆ ئەوەی هێرشی سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە ناوخۆی عێراق دەست پێ بکەنەوە، چونکە لە دانووستانەکاندا لایەنی ئەمەریکی خەریکی کات کوشتنە بۆ ئەوەی هێزەکانی نەکشێنێتەوە.
لە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی 30ی تەممووزی ئەم ساڵ بۆ سەر ناوەندێکی چەکدارانی عێراقی لە سنووری پارێزگای بابل و کوژرانی چوار چەکدار و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە، جارێکی دیکە فشارەکانی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لەلایەن گرووپە میلیشیاکانەوە زیاتر بوون، وەک وەڵامدانەوە هەفتەیەک دوای هێرشەکەی بابل، گرووپە میلیشیاکان هێرشی مووشەکیان کردە سەر بنکەی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای عێراق و پینج سەربازی ئەمەریکیان بریندار بکەن.
حەیدەر لامی بە زمانی هەڕەشەی ئاشکرای کردووە، هەنگاوەکانی وەڵامدانەوەی هێرشەکەی سەر بابل هێشتا لە لێکۆڵینەوەیەدان و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا وەڵام و کاردانەوەیەک دەبێت کە ڕەنگە زیاتر لە شوێنێک بگرێتەوە و مەرج نییە وەڵامدانەوەکان تەنیا لە عێراق، سووریا و ئیسرائیل بێت.
هەڕەشەکانی نوجەبا لە کاتێکدا، کە دوێنێ سێشەممە گرووپی ئەسحابولکەهف کە گرووپێکی نێو بەرەی موقاوەمەی عێراق، ڕاگرتنی هێرش و پەلاماردانی بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکای لە عێراق و سووریا بۆ ماوەیەکی کاتی ڕاگەیاند و ئاماژەیدابوو تاوەکوو دوای تەواوبوونی ڕێوڕەسمی یادی چلەی ئیمام حسێن هێرشەکانیان ڕادەگرن.
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، حکوومەتی عێراق دانووستانەکانی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی هێزەکانی ئەمەریکا دەست پێکردووە و بە گوێرەی ئەو کارنامەی بەغدا لە دانووستانەکانی لەگەڵ واشنتن باسی دەکات، گۆڕینی ئەرک و توانا سەربازییەکانی ئەمەریکایە بۆ پەیوەندیی بازرگانی لە عێراق.