کونسوڵی ئەمەریکا: وەک پشت و پەنای هەرێمی کوردستان دەمێنینەوە

فەلاح حەسەن سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ستیڤ بیتنەر کونسوڵی گشتی ئەمەریکا
فەلاح حەسەن سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ستیڤ بیتنەر کونسوڵی گشتی ئەمەریکا

کونسوڵی گشتی ئەمەریکا دووپاتی ئەوە دەکاتە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە، دەشڵێت: هەمیشە وەک پشت و پەنای هەرێمی کوردستان دەمێنینەوە.

فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، فەلاح حەسەن سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە کونسوڵی گشتی تازە دەستبەکاربووی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ستیڤ بیتنەر کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمانگەکە، لە کۆبوونەوەیەکدا کونسوڵی گشتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ خزمەتی ڕێکخراوەکان لە هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومییەکان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە ستیڤ بیتنەر کرد و هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکی نوێیدا بۆ خواست.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا،  باس له هەماهەنگیی و بەردەوامی پەیوەندیەکان کرا بۆ خزمەتکردنی رێکخراوە ناوخۆیی و بیانیەکان لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانرێت زیاتر خزمەت بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

فەلاح حەسەن سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە نا حکوومییەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کونسوڵی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەکەدا دووپاتی لەوە کردەوە کە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانی کردنی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە، گوتیشی: کونسوڵی ئەمەریکا جەختی لەوە کردەوە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هەمیشە وەک پشت و پەنای هەرێمی کوردستان دەمێنێتەوە.

فەلاح حسەن گوتی: کونسوڵی ئەمەریکا بە شانازییەوە ئاماژەی بە دورستکردنی گەورەترین کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لەسەر ئاستی جیهان لە هەولێر کردووە کە ئێستا لە دروستکردندایە.

سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە  نا حکوومییەکان لە دیدارەکەی لەگەڵ کونسوڵی گشتی ئەمەریکا، سوپاسی حکوومەت و گەلی ئەمەریکای کرد لە پشتیوانی کردنی کوردستان و هێزی پێشمەرگە، ئومێدی کرد پەیوەندییەکان بۆ خزمەتی هەردوو گەلی ئەمەریکا و هەرێمی کوردستان پەرەی زیاتریان پێ بدرێت.