وەزارەتی دارایی ڕوونکردنەوە لەبارەی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچە دەدات

بڕینی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی میلاکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق
بڕینی بەشێک لە مووچەی فەرمانبەرانی میلاکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق

بەڕێوبەرایەتی گشتی ژمێرکاری وەزارەتی دارایی و ئابووری دەڵێت: ماوەی چەند ڕۆژێکە هەڵمەتێکی ناڕاست و ناڕەوا دژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەشێک لە پەرلەمانتار و میدیاکان دەستی پێکردووە و دەیانەوێت هۆکاری نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

وەزارەتی دارایی دەڵێت: ئەو پەرلەمانتار و میدیایانە لەو ڕێگەیەوە چەندین زانیاری ناڕاست لەسەر لیستی مووچە بڵاو دەکەنەوە کە گوایە هۆکاری نەناردنی مووچە، زیادبوونی پارەدارکردنی  مووچەو ژمارەی فەرمانبەر و مووچەخۆرە.

چوارشەممە 21ـی ئابی 2024، وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوەی بۆ ڕای گشتی هەرێمی کوردستان بڵاو کردووەتەوە و  دەڵێت، بۆ ڕای گشتی ئەو چەند خاڵە دەخەینە ڕوو.

 1-سەبارەت بە دووبارە بوونەوەی ناوی مووچەخۆران لە نێوان هەرێم و بەغدا، دوای بەدواداچوون دەرکەوتووە ئەو ناوانە هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و زۆربەیان فەرمانبەرن بەپێی یاساو دۆسیەی تەواویان هەیە، بەڵام لە حکوومەتی عێراق سودمەندن لە هاوکاریی چاودێریی کۆمەڵایەتی، واتە لەجیاتی ڕاگرتنی مووچە، پێویست بوو وەزارەتی دارایی فیدراڵی هاوکاریەکە لای خۆیان ڕابگرن نەک مووچە، پێویست بوو لەکاتی بوونی سەرپێچی یاسایی لەلایەن هەردولاوە ئیجرائاتی پێویست بکرایە، هەندێک حاڵەتی بوونی مووچەو هاوکاریی لەیەک کاتتدا بەپێی یاسا لە هەرێمی کوردستان ڕێگە پێدراوە، ئەگەر بەدەر لەم حاڵەتە دووبارە بونەوە هەبێت، ڕاستتر وابوو هاوکاریەکە ڕابگیرێت نەک مووچە، لەبەرئەوەی فەرمانبەرەکە لەڕووی یاساییەوە بۆ پێدانی مووچە هیچ گرفتێکی نییە، هەروەها  ئەبوایە هەردوو  وەزارەتی دارایی هەرێم و فیدراڵ لە ڕێی لیژنەی هاوبەشەوە بەدواداچوون و وردبینیان بۆ دۆسیەکان بکردایەو چۆنیەتی سزاو بڕەکەیان دیاری بکردایە کەڕەنگە هەندێک لەم حاڵەتانە نایاسایی نەبێت بەپێی یاسا بەرکارەکانی هەرێم.

2-سەبارەت بە کێشەی نەبوونی بایۆمەتری لە هەرێمی کوردستان، پێشتر ئاگاداری وەزارەتی دارایی فیدراڵمان کردووە کە پرۆسەی بایۆمەتری سەدا سەد بۆ مووچەخۆران و خانەنشینان نەکراوە بەهەندێک هۆکاری جیاواز، لەوانە بوونی وارسی خانەنشین و بەشێکی تریشیان لەدەرەوەی وڵات ژیان بەسەردەبەن، ئەوەش بەو مانایە نایات ئەوەی کە بایۆمەتری نەبێت مووچەخۆر نییە، لەجیاتی پشت بە بایۆمەتری ببەستن کە حکوومەتی هەرێم بەفەرمی وتویەتی تەواو نەبووە، باشتربوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی پشتی بە کارتی نیشتیمانی ببەستیایە کەهەموو هاووڵاتی و مووچەخۆرێک بەسەربازیی و مەدەنیەوە هەیەتی لە تەواوی عێراقدا.

3- بەشێکی تر لەو ناوە دووبارانەی لە لیستی مووچەدا هەیە بە تایبەت لە چەند وەزارەتێکى حکوومەتى هەرێم کە یەکێک لە تێبینیەکانی تیمى هاوبەشە دواى بە دواداچوون لەگەڵ وەزارەتەکان، دەرکەوتووە ناوی چواریان دووبارەیە، بەڵام ناوی دایکیان و تەمەنیان جیاوازە ( تشابە الاسماء)، هیچ یاسا شکێنیەکی تیا نییە، بەڵام بەبێ گەرانەوە بۆ هەرێمی کوردستان، وەزارەتی دارایی فیدراڵ بە نیازە مووچەیان ببڕێت ، شایەنی باسە وەزارەتی دارایی هەرێم ڕوونکردنەوەی پێویستی لەسەر ئەم بابەتە بۆ ناردون.  

4- سەبارەت بە کێشەی مووچەی مامۆستایان و کارمەندانی پەروەردەی کەرکوک و فەرمانگەکانى ترى کەرکوک کە میلاکیان لەسەر حکوومەتى هەرێمى کوردستانە، ئەوەش کێشەیەکی کۆنەو لەدوای ساڵی 2003 وە بەردەوامە تاکو ئێستا وەکوو کێشەیەکی ماوە لەنێوان هەرێم و بەغدا درێژەی هەیەو پێویستی بەچارەسەریی بنەڕەتی هەیە واتە ڕێککەوتنی سیاسی.

5- سەبارەت بە زیاد بوونى پارەدارکردنی مووچەى نێوان مانگى (6و 7)ـ 2024 ، بە پێی بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبێت مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم هاوتای مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بکرێت، بۆ ئەم مانگە وەزارەتی دارایی هەرێم بەپێی بڕیاری دادگای فیدراڵی مووچەی خانەنشینانی هاوتا کردووەو بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵی ناردووەو بڕی (54.208.000.000) پەنجاو چوار ملیارو دووسەدو هەشت ملیۆن دینار زیادبووە، شایەنی باسە ئەگەر ئەم بڕە پارەیەی سەرەوە لە تەمویلی داواکراو بۆ مووچەی مانگی حەوت لاببەی ، تەمویلی داواکراو نزیکەی 956.876.000.000 نۆ سەدو پەنجاو شەش ملیارو هەشت سەدو حەفتاو ملیۆن دینار دەمێنێتەوە کەنزیک و هاوشێوەی پارەدارکردنی پێنج مانگی ڕابردووە کە وەزارەتی دارایی فیدراڵی خەرجی کردووە.

لە کۆتایدا پێویستە هەموو لایەک ئاگادار بن حکومەتی هەرێم لەدوای ساڵی 1992 وە دابڕانێکی دورو درێژی لەبواری سیستەمی کارگێڕی و دارایی و ژمێریاری هەبووە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی تا دەرچوونی بڕیاری دادگای فیدراڵی لە شوباتی ئەمساڵ تایبەت بەمووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان.  

لەدوای ئەو بڕیارەوە هەردولا کاردەکەن بۆ ئەوەی ڕێکارە ئیداری و دارایی و یاسایی و ژمێریارییەکان یەک بخەن، کەئەمەش کارێکی ئاڵۆزو پڕ گرفتە.       

ئێمە لەساڵی ڕابردووەوە کاری لەسەر دەکەین و بەردەوامیشین ، ئومێدەوارین تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم کێشەکان چارەسەر بکرێن.   

هاوکات داواکارین لەوەزارەتی دارایی فیدراڵ هاوکار و هەماهەنگ بێت لەگەڵمان بۆ چارەسەر کردنی ڕێژەیەکی کەم لەو کێشە هونەرییانەی تائێستا چارەسەر نەکراوە، نەک ڕێکاری (تعسف) ی بەرامبەر فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکات. 

چونکە پێمان وایە ناکرێت بەبێ وردبینی و بەدواداچوون لەو تێبینیانە مووچەی فەرمانبەران ببڕدرێت تەنها بەبڕیارێکی ئیداری.   

 بەبیر هەموو لایەکی دەهێنینەوە دوای ( 31 ) ڕۆژ لە ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بۆ وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵی، تا ئەم ساتە وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕیاری خەرجکردنی (1.426.000.000 ) تەنها یەک ملیارو چوار سەدو بیست شەش ملیۆنی دەرکردووە بۆ پارەدارکردنی موچەی دیوانی چاودێری دارایی  و دەستەی دەستپاکی و دەستەی ژینگە، کە دەکاتە  (%14)کۆی پارەدارکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.

 ئیتر مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان خۆتان قەزاوەت بکەن کێشەکە  ئیداری و دارایی و ژمێریارییە یان ســیاســــــــــــــــــــــی