گوهدار شێخۆ: تەنها سەدا 19ی شەقامەکانی زاخۆ ماون قیرتاو بکرێن

گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ
گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەڵێت، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ هەموو شەقامە ناوخۆیی و دەرەکییەکانی سنوورەکەیان قیرتاو دەکەن.

چوارشەممە، 21-08-2024، گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، تەنها لە سەدا 19ی شەقامەکانی زاخۆ ماون قیرتاو بکرێن، تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ ئەوانیش قیرتاو دەکەن.

سەرپەرشتی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ڕاشیگەیاند، هەوڵ دەدەن ئەو زەویانەی بەسەر فەرمانبەران دابەش دەکرێن، ڕێگە، ئاو و کارەبایان بۆ ڕابکێشن تا خەڵک بتوانن خانووی لەسەر دروست بکەن.

 

 

دامەزراندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

یەکێک لە هەنگاوە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتە ئیدارییەکان بۆ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بوو، کە لەو ڕێگەیەوە کاروباری ئیداری ئاسانتر و دەسەڵاتی بڕیاردانیش زیاتر بوو.

ڕۆژی 20-09-2021، بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دامەزرێندرا. بەم بڕیارە، دەستی زیاتری ئاوەدانی گەیشتە زاخۆ و کاروباری ڕۆژانەی خەڵکیش ئاسانتر ڕایی دەکرێن.

لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ، بە گوژمەی زیاتر لە  لە230 ملیار دینار، 286 پرۆژەی گەورە و بچووک لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجی کراون؛ 218 پرۆژە تەواو بوونە و 68 پرۆژە لە جێبەجێکردندان و لە ماوەیەکی نزیکدا تەواو دەبن و دەچنە خزمەت هاووڵاتییان.

پرۆژەکان بەم شێوەیە بەسەر کەرتەکاندا دابەش بوون:

* کەرتی شارەوانی و ڕێگا و پرد: 90 پرۆژە

* کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا: 17 پرۆژە

* کەرتی ئاو و ئاوی ژێرزەوی و چاندن: 45 پرۆژە

* کەرتی تەندروستی: 20 پرۆژە

* کەرتی کارەبا: 33 پرۆژە

* کەرتی گەشتوگوزار و شوێنەوار: 16 پرۆژە

* کەرتی فەرمانگەکانی حکومەت و ئەوقاف: 54 پرۆژە

لەو چوارچێوەیەدا، لە سەدا 81 ی شەقام و کۆڵانەکانی زاخۆ قیرتاو کراون و بەرپرسانی ئیدارەکە دەڵێن، لە ئاییندەیەکی نزیکدا شوێنێک نامێنێت قیرتاو نەکرابێت.

کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان

دوای ئەوەی زاخۆ کرایە ئیدارەیەکی سەربەخۆ، 7 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نوێ لەو سنوورە دامەزرێندراون، 17 بنکە و نووسینگە و بەش کراون بە بەڕێوەبەرایەتی. هاوکات  16 بەڕێوەبەرایەتی کراونەتەوە کە پێشتر لە زاخۆ نەبوون .