عێراق جیاکاری لەنێوان فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە دەکات
K24 – هەولێر:
زیاتر لە 30 ڕۆژە، لیستی مووچە لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردراوە، بەڵام وا نزیکەی 45 ڕۆژە مووچە لەلایەن بەغداوە خەرج نەکراوە.
لوقمان مەزن، فەرمانبەر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەغدا جیاکاری لەنێوان فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکات، هەموو ئەو قسانەی کە دەگوترا مووچە لەلایەن بەغداوە بنێردرێت دوا ناکەوێت، ناڕاست دەرچوون.
زیاتر لە 30 رۆژە، لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە وەزارەتی دارایی هەرێمەوە بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ نێردراوە. بەڵام تا ئێستە مووچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە خەرج نەکراوە. بیانووەکەش پرۆسەی وردبینیکردنی لیستەکە بوو.
سەرسام خەلیل، چاودێری سیاسی، بە کوردستان24ـی گوت: بەغدا پرسی مووچەی سیاسی کردووە، هەروەها بەغدا بە نەناردنی مووچە دەیەوێت فشار بخاتە سەر هەرێمی کوردستان.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا دووپاتی کردەوە، کە مووچە بە بڕیاری دادگا بە دوور گیراوە لە ناکۆکیيەکانی نێوان هەردوو حکوومەت بەو پێیەی مووچە، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و نابێت تێکەڵی هیچ بابەتێکی دیکە بکرێت.
ئەنجوومەنی وەزیران جەختیشی کردووەتەوە، کە نابێت بە هیچ جۆرێک هەبوونی تێبینی و سەرنج لە لایەن دیوانی چاودێریی دارايی فیدراڵ ببێتە هۆی ڕاگرتنی خەرجکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان.