بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی: سەوزەی زۆرینەی شوێنەکان لە پشکنینەکان دەرنەچوونە

سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی
سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، دەڵێت: تاوەکوو ئێستە خەڵكێکی زۆر تووشی سکچوون بوونە، بەڵام ئەوەی کە گومانیان لێ دەکرێت تووشی کۆلێرا بووبن هەشت حاڵەتن.

سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: داوا لە هاووڵاتییان دەکەین خۆیان لە خواردنی سەوزە بپارێزن، چونكە ژمارەیەك نەخۆش لە سلێمانی لە نەخۆشخانە خەوێندراون كە ئەگەری ئەوەیان هەیە نەخۆشیی كۆلێرایان هەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی پێویستە هاووڵاتییان خەمی لێبخۆن لە ئێستەدا نەخۆشیی كۆلێرایە بەهۆی ئەوەی چەند حاڵەتێك لە نەخۆشخانە خەوێندراون، كە گومانی كۆلێرایان لێ دەکرێت و، چاوەڕوانی دەرچوونی ئەنجامەكانن لە بەغداوە بگەڕێنەوە.

هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەكات، ئەم ماوەیە سەوزە نەخۆن، چونكە پشكنینیان كردووە و دەركەوتووە ئەو سەوزەیەی لە بازاڕەكان و ماركێتەكان هەیە زۆرینەیان بە ئاوی قورس ئاودراون و بۆ خواردن شیاونین، هەروەها لە پشکنین دەرنەچوونە.