وڵاتانی بەشدار لە پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان لە ئیستانبوڵ كۆدەبنەوە

کۆبوونەوەی لێژنەی هەماهەنگیی تورکیا - عێراق بۆ جێبەجێکردنی ڕێگەی گەشەپێدان
کۆبوونەوەی لێژنەی هەماهەنگیی تورکیا - عێراق بۆ جێبەجێکردنی ڕێگەی گەشەپێدان

K24 - هەولێر:

لوتکەی وڵاتانی بەشداربوو لە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان لە ئیستانبوڵ بەڕێوە دەچێت.

عەبدولقادر ئورالئۆغڵو، وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا ئاشکرای کرد، کارەکانی تایبەت بە پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان بەردەوامە و یەکەم لوتکەی وەزیرانی گواستنەوەی عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات لە 29ـی ئەم مانگە و کاتژمێر 2ـی دوای نیوەڕۆ لە کۆشکی دۆلمەباخچە بەڕێوەدەچێت.

وابڕیارە لەو لوتکەیەدا، تەواوی سەردێرەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەی بەغدا بخرێنە بەرباس کە لە کاتی سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ئیمزا کرابوو.

هەروەها وەزیری گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، ڕێگەی گەشەپێدان دەبێتە هۆی فرەچەشنکردنی رێڕەوی بازرگانی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە 27ـی تەمموزی ئەمساڵ، لێژنەی هەماهەنگیی چوارقۆڵی ڕێگەی گەشەپێدان لە بارەگای سەرەکیی کۆمپانیای گشتیی ڕێگەی ئاسنی عێراق کۆبوونەوە، بەڵام هەردوو لایەنی قەتەر و ئیمارات لە ڕێگەی پرۆگرامی زووم بە ڤیدیۆ کۆنفرانس بەشداری کۆبوونەوەکە بوون.

ڕێگەی گەشەپێدان، ڕێگەیەکی ئاسنین و ئۆتۆبانی نێودەوڵەتییە لە بەندەری فاوی باشووری عێراقەوە دەست پێ دەکات و دوای ئەوەی ناوچەکانی عێراق دەبڕێت لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلەوە لە دەشتی نەینەوا دەربازی خاکی هەرێمی کوردستان دەبێت بەرەو سێمێل و دەڤەری دێرەبوون دەڕوات تا دەگاتە سنووری تورکیا.

بەپێی خشتەی کۆتایی ڕێگەى گەشەپێدان، بە 11 پارێزگادا تێدەپەڕێت، لە بەندەری فاوەوە دەستپێدەکات و لە خابوور کۆتایی دێت، درێژییەکەى 1200 کیلۆمەتر دەبێت، 10.5 ملیار دۆلار بە شەمەندەفەری پێشکەوتووی کارەبایی دەدرێت و 6.5 ملیار دۆلاریش تێچووی دروستکردنی هێڵە ئاسنینەکە دەبێت.

هەروەها پلان هەیە پارێزگای کەرکووکیش بەم ڕێگەیە ببەسترێتەوە و بە گوێرەی پلانەکان ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەم ڕێگەیەوە ساڵانە 22 ملیۆن تۆن دەبێت. ڕێگەکە لە بەندەری فاو تاوەکوو پارێزگای نەینەوا هەزار و 200 کیلۆمەترە لە خاکی هەرێمی کوردستانیش تاوەکوو سنووری تورکیا 117 کیلۆمەترە.

گوژمەی ئەو پرۆژەیە 17 ملیار دۆلارە و وابڕیارە ئەمساڵ دەستپێبكات و لە 2050 کۆتایی پێبێت، درێژی هێڵی ئاسنینەکە بریتییە لە هەزار و 175 کیلۆمەتر و رێگەی وشکانییەکەش هەزار و 190 کیلۆمەتر درێژە، کە بە 11 پارێزگای عێراق و هەرێمی کوردستاندا تێدەپەڕێت. هەردوو ڕێگەکە هاوتەریب پێکەوە دروست دەکرێن و یەکتر نابڕن، تەنیا لە باکووری پارێزگای کەربەلا نەبێت دەگەنەوە یەک.

ڕۆژی (23ـی ئایاری 2024) وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسنی عێراق و کۆمپانیای جێبەجێکاری ڕێگەی ئاسنینی گەشەپێدان کە کۆمپانیایەکی ئیتاڵییە، یاداشتێکی لێک تێگەیشتنیان ئیمزا کرد، دوای ئەوەی بەغدا ڕەزامەندی نیشاندا کە ئاراستەی ڕێگەی گەشەپێدانی بە هەرێمی کوردستاندا تێپەڕبێت.

ئیمزاکردنی یاداشتەکە لە سەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بوو کاتێک لە 12ـی ئایاری 2024، لە چوارچێوەی سیمپۆزیۆمی تایبەت بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووریی و دیمۆگرافی عێراق، بەشداری لە پانێلێک کرد و ڕایگەیاند: ئەوانەی نەخشەی ڕێگەی گەشەپێدانیان پێشنیاز کردووە، پلانێکی هەڵەیە.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕایگەیاند: پێشنیازمان کردووە ڕێگەی گەشەپێدان بە ڕۆژهەڵاتی دیجلەدا تێپەڕ بێت کە تێچووی کەمتر و سوودی ئابووریی زیاتری دەبێت، نەک وەک ئەوەی بەغدا پێشنیازی کردووە بە ڕۆژئاوای دیجلەدا بڕوات، بەهۆی کەمی چڕی دانیشتووان لەو ناوچەیە، کەمترین سوودی ئابووریی بۆ خەڵک دەبێت.