لە کازاخستان زارا پاشا و شڤان پەروەر خەڵات دەکرێن

K24 – هەولێر:
کۆمەڵەی کوردی بەربانگ لە کازاخستان، هەردوو هونەرمەند زارا پاشا مەحۆی و شڤان پەروەر خەڵات دەکەن.
لە شاری ئەڵمەتی، لە شاری ئەڵمەتی، کۆمەڵەی کوردی بەربانگ لە کازاخستان، لە پای کار و خزمەتی بەرچاویان بە هونەری کوردی، هونەرمەندی ناوداری ڕووسیا و جیهان زارا پاشا مەحۆی و هونەرمەندی مەزنی کورد شڤان پەروەر خەڵات دەکەن.
ئەڵمەتی، گەورەترین شاری کازاخستانە، و تاوەکوو ساڵی 97 پایتەختی وڵاتەکە بوو، ئێستا لە کازاخستان زیاتر لە 130 نەتەوەی جیاواز دەژین، مێژووی پەیدابوونی کورد لەم وڵاتەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1937، کاتێک بە فەرمانی ستالین، کوردەکان لە کۆمارەکانی دیکەی سۆڤیێتەوە راگوێزران بۆ کازاخستان، لەسەردەمێکی دژواردا ئەکادیمی و خەمخۆرانی کورد، کۆمەڵەی بەربانگیان دامەزراندووە، ئەمڕۆ نەوەیەکی دیکە درێژە بە کاروانەکە دەدەن.
لە قۆناغی ئێستادا، گەشە و پێشکەوتنی نەتەوەکان ئاڵۆز و خێرایە، کوردانی کازاخستان کاردەکەن، تا لە گۆڕەپانی فرەچەشنی وڵاتەکەدا چالاکانە ئامادەییان هەبێت، هەر ئەمەشە وایکردووە، لە بواری زانستی، ئابووری، بازرگانی، وەرزشی، هونەری و چەندین بواری تر ناوبانگێکی باش بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.
پێشتریش ئەگالی نیاز، جێگری سەرۆکی کۆمەڵەی بەربانگی کوردانی کازاخستان، بە کوردستان24ی گوتبوو: "کورد لە 13 شاری کازاخستان نیشتەجێن، کۆمەڵەی بەربانگ لە هەموو ئەو شارانە نووسینگەی هەیە و سەرۆکی کۆمەڵەی هەیە و چالاکی دەکەن".