ئاسۆ زه‌نگه‌نه‌: بۆ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشی كۆلێرا ده‌بێت سه‌وزه‌ به‌ ئاوی پاك به‌رهه‌م بهێنرێت

ئاسۆ زه‌نگه‌نه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری خۆپاراستن و ته‌ندروستی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
ئاسۆ زه‌نگه‌نه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری خۆپاراستن و ته‌ندروستی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

به‌ڕێوه‌به‌ری خۆپاراستن و ته‌ندروستی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌كارهێنانی كلۆری حه‌پ له‌ ماڵه‌وه‌ هاوكات كوڵاندنی ئاو و دواتر ساردكردنه‌وه‌ی بۆ خواردنه‌وه‌، دوو ڕێگه‌ی سه‌ره‌كین له‌ دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ تووشبوون به‌ نه‌خۆشی كۆلێرا.

شه‌ممه‌، 24ـی ئابی 2024، ئاسۆ زه‌نگه‌نه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری خۆپاراستن و ته‌ندروستی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تایبه‌ت به‌ كوردستان24 گوتی، نه‌خۆشی كۆلێرا نه‌خۆشییه‌كی به‌كتریاییه‌ و مرۆڤ تووشی سكچوونێكی به‌هێز ده‌كات و ڕه‌نگه‌ دووچاری وشكبوونه‌وه‌ی جه‌سته‌ ببێت.

ئاسۆ زه‌نگه‌نه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، تووشبوونی مرۆڤ به‌و نه‌خۆشییه‌ و چاره‌نه‌كردنی به‌ شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و پێنه‌دانی چاره‌سه‌ری پێویست، ڕووبه‌ڕووی مردنی ده‌كاته‌وه‌.

ناوبراو باسی له‌وه‌ش كرد، به‌ پێویستی زانی جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌و ئاوه‌ بكرێته‌وه‌ كه‌ سه‌وزه‌ی پێ ئاو ده‌درێت، چونكه‌ ئاوی پیس هۆكارێكی سه‌ره‌كییه‌ بۆ تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه‌.

به‌ڕێوه‌به‌ری خۆپاراستن و ته‌ندروستی له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی، كوڵاندنی ئاو و دواتر ساردكردنه‌وه‌ی بۆ خواردن، یه‌كێكه‌ له‌ ڕێگه‌كانی خۆپارێزی له‌ تووشبوون به‌ كۆلێرا.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی، تایبەت بە کوردستان24ـی گوت: داوا لە هاووڵاتییان دەکەین خۆیان لە خواردنی سەوزە بپارێزن، چونكە ژمارەیەك نەخۆش لە سلێمانی لە نەخۆشخانە خەوێندراون كە ئەگەری ئەوەیان هەیە نەخۆشیی كۆلێرایان هەبێت.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئەوەی پێویستە هاووڵاتییان خەمی لێبخۆن لە ئێستەدا نەخۆشیی كۆلێرایە بەهۆی ئەوەی چەند حاڵەتێك لە نەخۆشخانە خەوێندراون، كە گومانی كۆلێرایان لێ دەکرێت و، چاوەڕوانی دەرچوونی ئەنجامەكانن لە بەغداوە بگەڕێنەوە.

هاوکات داوا لە هاووڵاتییان دەكات، ئەم ماوەیە سەوزە نەخۆن، چونكە پشكنینیان كردووە و دەركەوتووە ئەو سەوزەیەی لە بازاڕەكان و ماركێتەكان هەیە زۆرینەیان بە ئاوی قورس ئاودراون و بۆ خواردن شیاونین، هەروەها لە پشکنین دەرنەچوونە.

ڕێنماییەکانی خۆپاراستن لە کۆلێرا:

1- پێویستە تانكی ئاوی خواردنەوە بەبەردەوامی پاك بكرێتەوە، بۆ نمونە لانی كەم شەش مانگ جارێك و دەبێت تانكی ئاوەكان بەبەردەوام سەریان داپۆشراو بێت.

2- سەوزە و میوە بەباشی بە پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم بشۆردرێتەوە.

3- خواردنی سەر عەرەبانە و دەستگێڕەكان مەترسیدارن و خۆیان لێ بپارێزە.

4- لەكاتی بینینی هەر سەرپێچییەك كە زیان بە تەندروستیی هاووڵاتیان بگەیەنێت، پێویستە نزیكترین بنكەی تەندروستی، یاخود بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لێ ئاگادار بكەرەوە.

5- دڵنیابە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەكەت و پاك و خاوێن  ڕاگرتنی.

6- نەخواردنی ئەو بەروبوومانەی كە بە ئاوی قورس و پیس ئاو دەدرێت.

7- شووشتنی دەستەكانت بەباشی پێش ئامادەكردنی خواردنەكان و دوای چوونە تەوالێت و پێش نان خواردن.

8- تەنها بەفرگری ماڵەكانتان بەكاربهێنن بۆ ساردكردنی ئاوی خواردنەوە، بەهیچ شێوەیەك سەهۆڵ و بەفری سەرجادە و كۆڵانەكان بەكار مەهێنە ڕەنگە بە ئاوی پاكژكراو دروست نەكرابێت.

نیشانەکانى نەخۆشی کۆلێرا

- سکچوونێکى توند، کە لە شێوەى ئاوى برنجە و بۆنێکی ناخۆشی هەیە.

- ڕشانەوەیەکی زۆر.

ئەم دوو نیشانەیەی نەخۆشییەکە، وادەکات نەخۆش بڕێکی زۆری ئاو و خوێی لەش لە ماوەیەکی کەمدا لەدەست بدات و ببێتە هۆی لاوازبوونی گورچیلەکانی، بۆیە پێویستە بەخێرایی ئەو بڕە ئاوە بگەڕێندرێتەوە بۆ جه‌ستە لە ڕێگەی ده‌ماره‌كانییه‌وه‌ "موغەزی"ی ئاو وه‌ربگرێت، یان خواردنەوەی بڕێکی باشی ئاو.

چارەسەری نەخۆشی کۆلێرا

- خواردنەوەی رێژەیەکی زۆر شلەمەنی، بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو شلەیەی جەستە لەدەستی داوە.

- خواردنی شلەمەنی و سووپ و ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ماددە خۆراکییەکان.

- پێدانی دەرمانی تایبەت بە نەخۆشییەکە لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە، بە تایبەت دەرمانی دژە زیندەگی (anti biotic).

چۆنیەتی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا

- خواردن و خواردنەوەیەك، کە پیس بووبێت بەم میکرۆب یان بەکتریای (viblro cholera)

- پیسبوونى ئاوى خواردنەوە بە پاشەڕۆى مرۆڤ، کە میكرۆبی جۆراوجۆر پێکهاتووە.

- چوونە ژوورەوەى بەکتریاکە ڕاستەوخۆ لە رێگەى بەکارهێنانى شتى پیس بۆ ناودەم.

- گواستنەوەی لە ڕێگەی مێشوولەوە، لە شوێنێکی پیسبووەوە بۆ کەلوپەل و خۆراك.