سوارێز یانەکەی گەیاندە قۆناغی پلەی ئۆف

ئینتەر مەیامی بە سەرکردایەتی لویس سوارێز هێرشبەری ئۆرگوایی، بلیتی قۆناغی پلەی ئۆفی خولی ئەمریکای مسۆگەر کرد، دوای ئەوەی توانیان بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام لە سینسیناتی ببەنەوە.
ئینتەر مەیامی پێشەنگی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی خولی ئەمریکا، لە گەڕی بیست و شەشی خولەکە لە یاریگای خۆی، رووبەڕووی سینسیناتی دووەمی کۆمەڵەی رۆژهەڵات بووەوە، لە کۆتاییدا بە دوو گۆڵی لویس سوارێز هێرشبەری ئۆرگوایی، توانی یارییەکە بە ئەنجامی دوو گۆڵی بێ وەڵام بباتەوە. سەرەتا لە خولەکی یەک لویس سوارێز گۆڵی یەکەمی یارییەکەی کرد، پاشان لە خولەکی شەش هەمان یاریزانە گۆڵی دووەمی خۆی و یانەکەی لە یارییەکە کرد.
بەم بردنەوەیە ئینتەر مەیامی، کۆی خاڵەکانی لە پێشەنگی کۆمەڵەی رۆژهەڵاتی خولی ئەمریکا، گەیاندە 56 خاڵ و سەرکەوتنی بۆ قۆناغی پلەی ئۆفی خولەکە مسۆگەر کرد، لە بەرامبەردا سینسیناتی بە کۆکردنەوەی 48 خاڵ، لە پلەی دووەمی کۆمەڵەی رۆژهەڵات مایەوە.