پاکستان: لە هێرشی سوپای ئازادی بەلوچ 70 کەس کوژران
کاربەدەستانی پاکستان ڕایانگەیاند، لە ئەنجامی هێرشی چەکدارانی جوداخواز "سوپای ئازادی بەلوچ" بۆ سەر بنکەکانی پۆلیس، هێڵی شەمەندەفەر و ئۆتۆمبێل لەسەر ڕێگە سەرەکییەکان لە پارێزگای بەلوچستان لە باشووری ڕۆژئاوای وڵات، لانیکەم 70 کەس کوژراون.
لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ئەمانە گەورەترین هێرشن لە چوارچێوەی یاخیبوونێکی نەتەوەیی لەلایەن چەکدارەکانەوە کە بۆ دەیان ساڵ دەگەڕێتەوە.
بەلوچستان کۆمەڵێک پڕۆژەی گەورەی هەیە کە لەلایەن چینەوە بەڕێوە دەبرێن، لەوانە بەندەرێکی ستراتیجی و کانێکی زێڕ و مس.
موحسین نەقوی، وەزیری ناوخۆی پاکستان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "ئەم هێرشانە پلانێکە بۆ بڵاوکردنەوەی پشێوی لە پاکستان و بەبێ وردبینی داڕێژراوە".
ئاماژەی بەوەش کردووە "هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنەکانی دوای هێرشەکاندا 12 چەکداریان کوشتووە، لە سەر ڕێگەی سەرەکی، بووەتە هۆی لانیکەم کوژرانی 23 کەس و سووتانی 35 ئۆتۆمبێل".
محەممەد کاشیف، بەرپرسی هێڵی ئاسنین دەڵێ، تەقینەوەک لەسەر هێڵێکی ئاسنین کە پاکستان و ئێران بەیەکەوە دەبەستێتەوە و پردێکی شەمەندەفەر کە کوێتا پایتەختی پارێزگاکە بە باقی ناوچەکانی دیکەی پاکستانەوە دەبەستێتەوە بووە.
لای خۆیەوە پۆلیسیش ڕایگەیاندووە، شەش تەرمی نەناسراویان لە نزیک پردی هێڵی ئاسن دۆزیوەتەوە، لە هەمان کاتدا چەکدارەکان پەلاماری بنکەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانی پارێزگاکەیان داوە، لەو هێرشەشدا لانیکەم 10 کەس کوژران.
هەروەها هێرشەکە لەلایەن دەیان چەکدارەوە کراوە، لە ناوچەی "موسا خێل" لە ویلایەتی بەلوچستانی هەژارنشینان بووە، کە هێزە ئەمنییەکان ڕووبەڕووی توندوتیژی تائیفی و نەتەوەیی و جیاکاری بوونەتەوە.
هەر لەلایەکی دیکەوە نەجیبوڵڵا کاکار، بەرپرسی باڵای ناوچەی موسا خێل، ڕاگەیاند، چەکداران دەستڕێژیان لە چەندان پاس و بارهەڵگری گەورە و بچووک، لەسەر ڕێگەی خێرای پەنجاب و بلوجستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کردووە، لانی کەم 22 کەس کوژراون، پێنج کەسیش برینداربوون. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی بەرەو پەنجاب دەڕۆن و دەگەڕێنەوە، پشکنینیان بۆ کراوە، ناسنامەی پەنجابییەکان دەستنیشانکراون و کوژراون.
ڕوونیشی کردەوە لە نێو کوژراوەکاندا سێ بەلوچ و 19 کەسی پەنجابی بوون. زۆربەیان کرێکارن، ئەوەشی خستە ڕوو، ژمارەی چەکدارەکان لە نێوان 30 بۆ 40 کەس بووە.
حەمید زوهری، بەرپرسێکی باڵای ناوچەکە ژمارەی مردووانی سەلماند و گوتی: کۆی گشتیی کوژراوان گەیشتووەتە 70 کەس.