گومانی دانانەوەی بۆمب گەشتە ئاسمانییەکانی چەند وڵاتێکی ئەوروپا پەکدەخات
لە ژمارەیەک فڕۆکەخانەی ئەوروپا بەهۆی هەبوونی هەڕەشەی بۆمب و مەترسی لە سەر گەشتە ئاسمانییەکان، لانیکەم 7 گەشتی ئاسمانی تووشی پشێوی بوون، هاوکات بەرپرسانی ئەوروپا رووسیا و ئێران لە دروستبوونی ئەو مەترسییە بە بەرپرسیار دەزانن، لە بەرامبەریشدا تاران و مۆسکۆ تۆمەتەکان رەتدەکەنەوە.
سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، رۆیتەرز لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەو هەڕەشانە گەشتەکانی بەرەو وارشۆ، سۆفیا، رۆما و فڕۆکەخانەی مورسیا لە ئیسپانیا گرتووەتەوە و هەمان جۆر هەڕەشە بۆ گەشتێکی دیکەی بەرەو سۆفیا لە دوێنێ دووشەممەدا تۆمارکراوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەکاتی روودانی هەڕەشەکان، یەکێک لە فڕۆکەخانەکانی وارشۆ بۆ ماوەیەکی کورت دەرگاکانی داخست، هاوکات هێزی ئاسمانیی ئیتاڵیا فڕۆکەیەکی هاوەڵی گەشتێکی بەرەو رۆمای نارد. تا ئێستا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتیی خۆی لەو هەڕەشانە رانەگەیاندووە و بەرپرسانیش هیچ تۆمەتێکیان ئاراستەی لایەنێکی دیاریکراو نەکردووە.
هاوکات، دەسەڵاتدارانی پۆڵەندا ئاراستەی گەشتێکی هێڵی ئاسمانی لۆتیان گۆڕی لە لەندەنەوە بەرەو فڕۆکەخانەی شۆپان لە وارشۆ دەڕۆیشت و بەرەو فڕۆکەخانەی مۆدلینی نزیکیان ئاراستە کرد. پاش داخستنی کاتی و پشکنینی فڕۆکەکە و دڵنیابوون لە نەبوونی هیچ کەرەستەیەکی گوماناوی، فڕۆکەخانەکە دەرگاکانی کردەوە. هەروەها گەشتێکی کۆمپانیای ساس لە کۆپنهاگنەوە بەرەو فڕۆکەخانەی شۆپان دەچوو لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا نیشتەوە و فڕۆکەخانەکە رایگەیاند، لە پشکنینەکاندا هیچ شتێکی گوماناوی نەدۆزراوەتەوە و کارکردنی فڕۆکەخانەکە بەشێوەیەکی ئاسایی بەردەوامە.
لەوبارەیەوە، وەزارەتی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی بولگاریا لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، هەڕەشەی بۆمب لەسەر دوو فڕۆکە هەبووە بەرەو سۆفیا دەچوون و لە میلانۆ-بێرگامۆ و دبلنەوە بەڕێکەوتبوون. هەردوو فڕۆکەکە بە سەلامەتی نیشتنەوە و لە پڕۆسەی پشکنیندا هیچ تەقەمەنییەک نەدۆزراوەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، گەشتەکەی بێرگامۆ سەر بە کۆمپانیای وێز ئێر بووە و 176 سەرنشینی لەسەر بووە، گەشتەکەی دبلنیش سەر بە کۆمپانیای رایان ئێر بووە و 185 سەرنشینی هەڵگرتبوو. ئاژانسی هەواڵی بولگاریا "بی تی ئەی" لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردەوە، پێشتر گەشتێک لە ئیسرائیلەوە هاتووە کاریگەریی ئەو هەڕەشانەی لەسەر بووە، بەڵام دەسەڵاتداران ئەو هەواڵەیان رەتکردەوە.
سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا هیچ لایەنێک بە ئەنجامدانی ئەو هەڕەشانە تۆمەتبار نەکراوە، بەڵام ئەم رووداوانە لە کاتێکدا دێن بەرپرسانی ئەوروپا، رووسیا و ئێران بە ئەنجامدانی ئەوەی بە "هێرشی تێکەڵ" و کاری تێکدەرانە ناوی دەبەن، تۆمەتبار دەکەن. لە بەرامبەردا مۆسکۆ و تاران سەرجەم ئەو تۆمەتانە رەت دەکەنەوە و بە هەواڵی بێ بنەما و دروستکراوی ئەوروپییەکان بۆ ناوەنی پشێوی و تێکدانی ئاراستەی گەیشتن بە رێککەوتنەکانیان لەگەڵ هەریەکە لە ئۆکرانیا لەگەڵ رووسیا، تاران لەگەڵ واشنتن ناودەبەن.