"سندووقه رهشهكهی یهكێتی" ههوڵی نێوهندگیری دهدات
ئهو پیاوهی هیچ پۆستێكی نییه و سهرپهرشتی سهرجهم دارایی و كۆمپانیا بازرگانی و نهوتییهكانی یهكێتی دهكات
K24 - ههولێر:
لەهەر دوورکەوتنەوەیەکی ئەندامان و باڵهكانی یەکێتی له یهكتری، ناوی دلێری سەید مەجید، دەردەکەوێتهوه، له كاتێكدا ئەو هیچ بەرپرسیارییەتییەکی باڵای لە ناو یەکێتیيدا نییە.
ئەمجارەشییان دوای دوورکەوتنەوەی "ناوەندی بڕیار" و باڵی هێرۆ برایم ئەحمەد لە یەکتری، جارێکی دیکە ناوی دلێرى سهید مهیجد وەک نێوەندگیر دێتەوە بەرباس.
سندوقە رەشەکە، ئەو ناسناوەیە کە بەدلێری سەید مەجید، بەرپرسی ئیدارەی گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگوترێت، ئەو هیچ بەرپرسیارییەتییەکی باڵای لە ناو یەکێتی نییە، بەڵام یەکێک لە ناکۆکییە گەورەکانی ناو یەکێتیش پەیوەندی بە کارەکەی ئەوەوە هەیە، ئەویش ئیدارەدانی دارایی و نەوت و بازرگانییەکانی ئەو حیزبەیە.
لە بەناوبانگترین وتەکانی ئەو کەسایەتییە ئەوەیە "مام جەلال لە کوێبێت، ئەوێ سەرەوەیە" هەر بۆیەشە بە کەسێکی زۆر نزیکی تاڵەبانی و بنەماڵەکەی دادەندرێت.
ئەکرەم مەجید ناوی تەواوی دلێرە لە ئەندامە لە پێشینەکانی کۆمەڵەی مارکیسی- لینینییە، کە دواتر دەبێتە کۆمەڵەی رەنجدەرانی کوردستان، یەکیک لە باڵەکانی پێکهێنانی یەکێتی نیشتمانی لە سالی 1975، لە دوای شکستهێنانی هەوڵی کوشتنی پارێزگاری ئەوکاتی سلێمانی، 1976 دلێر سەید مەجید دەچێتە شاخ.
لە سالی 1978 بە ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵەی رەنجدەران هەڵدەبژێرێت و تا سالێ 1980 بەردەوام دەبێت. بەڵام لەوە بەدواوەتر ئەو دەبێتە باوەڕپێکراوترین کەسی تاڵەبانی، هیچ پۆستێکی نابێت و دەبێتە هەمەکارە، هەر بۆیەش دەبێتە سەرۆکی شاندی یەکێتی بۆ لای خومەینی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، لەدوای ئەوەوە سەرپەرشتی زۆرینەی گفتوگۆ و دانوستاندنەکانی یەکێتی دەکات لەگەڵ ئێران هەر ئەو بەڕێوەیان دەبات.
لەهەموو دوورکەوتنەوەیەکی ئەندامانی یەکێتی، دلێری سەید مەجید زۆرتر دەردەکەوێتەوە، ئەویش بەهۆی هەوڵەکانی بۆ لەیەکنزیکردنەوەی باڵەکان، لە جیابوونەوەی یەکیتی و گۆڕانیش، ئەو تاکە سەرەداوی پەیوەندی یەکێتی و نەوشیروان مستەفا بوو، لەدوای دوورکەوتنەوەی ناوەندی بڕیار و باڵی هێرۆ برایم ئەحمەد لە یەکتری، جارێکی دیکە ناوی دلێر وەک نێوانگیر دێتەوە بەرباس.
دلێری سەید مەجید، جگە لە بەرپرسیارییەتی دارایی گشتی یەکێتی، بەڕێوەبەری گشتی و جێبەجێکاری گرووپی کۆمپانیاکانی نۆکان کە کۆمپانیاکانی لە چەندین بواری بازرگانی وەک نەوت، جگەرە، قۆنتەرات، فڕۆکەوانی و بیناسازی کاردەکەن، بوارێکی بازرگانی و دارایی نەماوەتەوە، دلێری سەید مەجید کۆمپانیایەکی لە گرووپەکەی بۆ تەرخان نەکردبێت.
ئەوەی دەمێنیتەوە بووترێت، ئەوەیە، ئایا ئەمجارەیان دلێر توانای چ رۆڵبینینێکی هەیە، بەتایبەت کە ناوەندی بڕیار، زۆرینەی گلەیی و رەخنەکانییان روو لە مۆنۆپۆڵکردنی ئیدارەی یەکێتییە لەلایەن باڵی هێرۆ ئیبڕاهیم ئەحمەد.