پات رایدەر بۆ کوردستان24: هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا قبوڵکراو نییە
K24 – واشنتن:
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هێرشی گرووپە چەکدارەکان بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا قبوڵکراو نییە، ئەگەر هێرش بکرێتە سەریان لە کاتی گونجاو و بە شێوازی دەستنیشانکراوی خۆیان وەڵامیان دەبێت.
27ـی ئابی 2024، پات ڕایدەر، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە وەڵامی پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند: هەڕەشەی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق و سووریا بۆ سەر هێزەکانیان و هەروەها بۆ سەر ئیسرائیل بەجددی وەردەگرن.
پات ڕایدەر گوتیشی:" گرووپەکانی پاڵپشتیکراو لەلایەن ئێران لە عێراق و سووریا هەوڵیانداوە هێرشی مووشەکی بکەنە سەر ئیسرائیل و زۆرینەی شکستخواردوو بووە، هەروەها ئەو گرووپانە هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا کە لە عێراق و سووریان تا پشتیوانی لە ئەرکی تێکشکاندنی یەکجارەکی داعش بکەن".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکرد: "ناتوانم پێشبینی بکەم لە داهاتوو چی دەکەن، بەڵام ئەو هەڕەشەیە بەجددی وەردەگرین و بە هەمان شێوە بەردەوام دەبین لەوەی پشتیوانی لە بەرگریکردن لە ئیسرائیل بکەین، هەروەها سەرنجمان لەسەر ئەوە دەبێت هێزەکانمان پارێزراوبن و هیچ هێرشێک لەدژی هێزەکانمان قبوڵ ناکەین و ئەگەر هەڕەشەمان لێبکرێت یان هێرش بکرێتە سەرمان، هەمیشە لە کاتی گونجاو و بە شێوازی دەستنیشانکراوی خۆمان وەڵاممان دەبێت".