وەزارەتی تەندروستی: ئەوانەی دەستییان بە ئاوی پاک ناگات تووشی کۆلێرا دەبن

نەخۆشیی کۆلێرا
نەخۆشیی کۆلێرا

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: نەخۆشی کۆلێرا  چارەسەر دەکرێت و دەستنیشانکردنی پێشوەختە بۆ  نەخۆشییەکە گرنگە، دەشڵێت: ئەوانەی تووشی ئەو نەخۆشییە دەبن، زیاتر ئەوانەن کە دەستییان بە ئاوی پاکی خواردنەوە ناگات.

وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەک ڕێنمایی و هۆشیاریی بۆ هاووڵاتییان بڵاوی کردەوە، کۆلێرا نەخۆشییەکی سەختی سکچوونە کە بەهۆی هەوکردنی بەکتریاوە دروست دەبێت، لە ڕێگەی خواردنی خۆراک یان ئاوی پیس بڵاودەبێتەوە، لەکاتێکدا زۆرێک لەو کەسانەی تووشی کۆلێرا دەبن هیچ نیشانەیەکیان بۆ دەرناکەوێت، بەڵام هەندێکی دیکە تووشی سکچوونی ئاوی توند و وشکبوونەوەی لەش دەبن کە ئەگەر چارەسەر نەکرێت، دەکرێت کوشندە بێت.

وەزارەتەکە نیشانەکانی نەخۆشیی کۆلێرای بۆ هاووڵاتییان ئاشکرا کردووە و دەڵێت: تووشبوو دووچاری سکچوونی ئاوی توند و ڕشانەوە و گرژبوونی ماسولکەکان، هەروەها وشکبوونەوەی لەش لە ووشکبوونەوەی دەم، تینوێتی زۆر، سەرگێژخواردن دەبێت.

دەشڵێت، ئەوانەی زۆرترین مەترسیی توشبوونیان بە نەخۆشیی کۆلێرا هەیە، ئەوانەی لەو ناوچانە دەژین کە پاکوخاوێنییان خراپە و دەستڕاگەیشتن بە ئاوی پاک تێیدا سنووردارە، هەروەها گەشتیارانی ئەو ناوچانەش مەترسییان لەسەرە و پێویستە ئاگاداری خۆیان بن.

وەزارەتەکە چەند ڕێنماییەکی بۆ خۆ پارێزیی لەو نەخۆشییە دەستنیشان کردووە، لەوەی هاووڵاتیی، زوو زوو دەستەکانی بە ئاو و سابون بشوا، بەتایبەت دوای بەکارهێنانی تەوالێت و پێش خواردن، لەگەڵ ئەوەشدا تەنها ئاوی پاک بخواتەوە، ئەگەر دڵنیا نەبوو لە سەرچاوەی ئاوەکە، بەلایەنی کەمەوە بۆ ماوەی یەک خولەک ئاو  بیکوڵێنێت.

بە هاووڵاتی دەڵێت: تەنها خواردنی تەواو کوڵاو و گەرم بخۆ، پێش خواردنی میوە و سەوزە توێکڵەکەی لێبکەرەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە کە، کۆلێرا نەخۆشییەکە کە چارەسەر دەکرێت و دەستنیشانکردنی پێشوەختە زۆر گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە ئاڵۆزییەکان، دەڵێت: ئەگەر هەستت بە نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا کرد، دەستبەجێ سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە و چارەسەرکردن دوا مەخە، چونکە وشکبوونی لەش بە خێرایی دەبێتە مەترسی لەسەر ژیان.

(11ـی حوزەیرانی 2024) دکتۆر سەرکار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، هیچ تووشبوونێک بە نەخۆشیی 'کۆلێرا' لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، ئەوەی هەیە تەنها پەتای سکچوون و ڕشانەوەیە کە زیاتر لە نێو منداڵاندا بڵاو بووەتەوە .