بەشێک لە بازرگانانی تورکیا دەستبەرداری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل بوون

بە گوێرەی بڕیارێکی نوێی حکوومەتی تورکیا، دوای 31ی ئاب، فرۆشتنی ئەو ئۆتۆمبێلە بەکارهاتووانە قەدەغە دەکرێت کە پابەندی ڕێنماییە سەلامەتییەکانی یەکێتیی ئەوروپا نین.

بەیرام دەلی، یەکێک لە فرۆشیارانی ئۆتۆمبێل دەڵێت: ئێستە کاتی کڕینی ئۆتۆمبێلە، چونکە، لە دوای مانگی داهاتوو یاسای سەلامەتی ئۆتۆمبێل جێبەجێ دەکرێت و بەهای لیرەش کەم دەبێتەوە. بۆیە ئەوانەی بەنیازی کڕینی ئۆتۆمبێلن، پێویستە زوو سەردانی پێشانگەکان بکەن. ئەگەر ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکی بەکارهاتوو بکڕیت کە بەهای یەک ملیۆنە، مانگی داهاتوو هەمان ئۆتۆمبێل بەهای یەک ملیۆن و سەد هەزار دەبێت.

تەنها چەند ڕۆژێکی کەم ماوە بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە کە وا دەکات نرخی ئۆتۆمبێل بەرز ببێتەوە، بەڵام بازاڕی فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لە تورکیا سستە. هەندێک لە فرۆشیاران هۆی ئەمە بۆ بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو دەگەڕێننەوە.

جوبرائیل بالیسان، فرۆشیاری ئۆتۆمبێل ئاماژەی بەوە کرد "خەڵک لەبری ئەوەی ئۆتۆمبێل یان خانوو بکڕن، پارەکەیان لە بانک دادەنێن، چونکە لە ئێستادا ڕێژەی سوو لە بانکەکان زۆر بەرزە؛ ئەمەش وای کردووە بازاڕی ئۆتۆمبێلیش جووڵەی نەبێت. من گەشبین نیم لە ماوەیەکی کورتدا بازاڕ گەرم بێت".

لەگەڵ دۆخی نادیاری بازاڕ، کەسانێکیش هەن کڕینی ئۆتۆمبێل وەک وەبەرهێنانێک دەزانن. بە وتەی ئەوان ئێستا باشترین کاتە بۆ کڕینی ئۆتۆمبێل.

هاکان یڵدریم، کڕیاری ئۆتۆمبێلە و وەکو خۆی دەڵێت: بە بڕوای من ئێستا دەرفەتی کڕینی ئۆتۆمبێلە. چونکە ئۆتۆمبێلەکان هەرزانن و ڕەنگە بەهاکەیان زیاد بکات بەهۆی گۆڕانی سیاسەتی ڕێژەی سوو و هەندێک بڕیاری یاسایی. هەر بۆیە ئێمە هاتووین بۆ ئێرە بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلێک بکڕین.

هەرچەندە نرخی ئۆتۆمبێل بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە ڕێژەی 20 بۆ 30% هەرزانتر بووە، بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو و لاوازبوونی توانای کڕینی هاووڵاتییان، بازاڕی ئۆتۆمبێل وەستاوە. هەروەها ژمارەی ئەو کەسانەی کە کڕینی ئۆتۆمبێل وەک دەرفەتێک بۆ قازانج دەبینن کەم نییە. بۆیە هیوادارن ڕێژەی سوو کەم بکرێتەوە و پاوەند بەهای خۆی لەدەست بدات.

Fly Erbil Advertisment