بە زیاتر لە ملیارێک و  40 ملیۆن دینار پارکێک لە گەڕەکی ژیان دروست دەکرێت

پارکی گەڕەکی ژیان
پارکی گەڕەکی ژیان

لەچوارچێوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیادکردنی ڕێژەی سەوازایی و پاکڕاگرتنی ژینگە، پارکێک لە گەڕەکی ژیانی شاری هەولێر دروست دەکرێت.

شەممە 31ـی ئــابـی 2024، ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر، بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی کارەکانی، بە یاوەرى كارزان عەبدولهادى، سەرۆکى شارەوانى هەولێر و ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری پارک و باخچەکانی هەولێر و نیاز ساڵح، بەڕێوەبەرى شارەوانى چوار و ژمارەیەکى دیکە لە ئەندازیار و سەرپەرشتیارانى پڕۆژەکە، پڕۆژەی دروستکردنی پارکی گەڕەکى ژیانى بەسەرکردەوە کە بەگوژمەى ملیارێک و 40 ملیۆن و 477 هەزار دینار لەسەر بوودجەى 15%ـی سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر دەست بە دروستکردنى کراوە.

لە بەسەرکردنەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر وێڕاى دەست خۆشى لە سەرپەرشتیار و ئەندازیار و کرێکارانى پڕۆژەکە، جەجتی لە سەر چارەسەرکردنى سەرجەم ئەو پێداویستى و کەم کوڕیانەى کە هەن کردەوە، هەروەها گرنگى ئەو پارکەى بۆ دانیشتووانى گەڕەکەکە بە گرنگ زانى و جەختى لە سەر بایەخدانى زیاتر بە زیادکردنى ڕێژەى سەوزایی لە سەنتەرى شار و سەرجەم ناحییە و قەزاکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کردەوە.

پڕۆژەی دروستکردنی پارکی گەڕەکى ژیان، بە دیزاینێکی مۆدیرن نەخشەی بۆ کێشراوە و لە سەر ڕووبەری 19 هەزار مەتر دووجا دەست بە جێبەجێکردنى کراوە، بریارە لە ماوەیەکى نزیکدا کۆتایی بە پرۆژەکە بهێنرێت و پارکەکە بەڕووى هاوڵاتییاندا بکرێتەوە.