هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب: کابینەی نۆیەم بە پلان پرۆژەکان جێبەجێ دەکات

هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران
هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران

K24 – هەولێر:

سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ئاماژە بەوە دەکات، لە سەردەمی کابینەی نۆیەم شۆڕشێکی ئاوەدانی دەستی پێکرد و هەرێمی کوردستان پێی نایە قۆناغێکی دیکەوە، هەروەها دیدگای سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چارەکردنی کێشەکانە لە بنەڕەتەوە.

هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: کابیەنی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێش ئەوەی بڕیارێک بدات پلانێکی بۆ دادەنێت، بڕیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کاتێکی زۆر گەنجاو دابوو، هەر دوای بڕیارەکە کۆمەڵێک پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سنوورەکە جێبەجێ کران.

سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران، دەڵێت: ئەو پلانانەی کە کابینەی نۆیەم بۆمانی داناوە هەنگاو بە هەنگاو جێبەجێمان کردووە، هەر لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان تا دەگاتە شۆرکڕدنەوەی دەسەڵاتە کارگێڕییەکان، لە کابینەی نۆیەم شۆڕشێکی ئاوەدانی ڕووی لە سۆران و هەرێمی کوردستان کرد.

ناوبراو باسی لەوە کرد، پلانی کابینەی نۆیەم زۆر جیاواز بووە، باوەڕی بە چارەسەرییە کاتییەکان نەبووە، بەڵکو هەوڵی داوە بە پلان کێشەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێت، هەروەها سەرەڕای قەیرانەکان هەرێمی کوردستان لە سەردەمی کابینەی نۆیەمدا پێشکەوتن و ئاوەدانییەکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە.

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، بە خۆشحاڵییەوە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی توانی زۆرێک لە بەرنامەکانی کابینەی نۆیەم کە پلانی بۆ دانابوو جێبەجێی بکات و، توانی بەسەر ئاڵنگارییەکان زاڵ بێت، لە سەردەمی ئەم کابینەیەدا داهات هەمەچەشن کراو و گرنگییەکی زۆر بە سێکتەری کشتوکاڵ درا، بۆ یەکەمجار بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوە کرا.

هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب، گوتی: ئەو بەرنامە و پلانەی کە سەرۆکوەزیران جێبەجێی دەکات، کوردستانی بردووەتە قۆناغێکی دیکەوە، بەڵام بەشێک لە لایەنەکان چاویان بەو سەرکەوتن و پێشکەوتنانە هەڵنایەت و دێن بەربەست بۆ کارەکانی سەرۆکوەزیران دروست دەکەن.

هاووڵاتییانی سۆران سەبارەت بە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکەیان خۆشحاڵن و پێیان وایە بڕیاری بەئیدارەکردنی سۆران هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی دەڤەرەکەیان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا.

Fly Erbil Advertisment