دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەم مانگە 253 کەسی بە تۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیر کردووە

K24 – هەولێر:

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشکرای دەکات، لەمانگی ئاب 253 کەسیان بەتۆمەتی جۆراوجۆر دەستگیر کردووە.

ئەرشەد حاکم، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، گوتی: هێزە ئەمنییەکان لە ئۆپەراسیۆنە جیاوازەکاندا 253 تۆمەتباریان دەستگیر کردووە کە تۆمەتبارن بە تاوانی جیا جیا.

 ئاماژە بەوەش دەکات، فەرمانەکانی دەستگیرکردن لەلایەن دادگاکانەوە پێشتر بۆ تۆمەتباران دەرکراوە، بەگوتەی گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عێراق لە ئۆپەراسیۆنەکانیاندا دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر لە خۆراک و دەرمانی قاچاخ و ماوە بەسەرچوودا گرتووە.

ڕوونیشی کردەوە، 57 لەو کەسانە تۆمەتبارن بە تاوانی دەستدرێژی ئەلیکترۆنی و 15ـەشیان بە تۆمەتی ساختەکاری و پێنجیشیان بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە چەکی بێ مۆڵەت هەروەها سێ کەسی دیکە بە تۆمەتی پروپاگەندەکردن بۆ رژێمی پێشووی عێراق.