کشتوکاڵی هەولێر: 500 هەزار تۆن بەرهەمی جووتیاران هەناردەی پارێزگاکانی عێراق کراوە

هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر
هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، نزیکەی 720 هەزار تۆن بەرهەمی جۆراوجۆری کشتوکاڵی بەرهەم هێنراوە کە 500 هەزار تۆنی هەناردەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق کراوە.

 دووشەممە، 2ـی ئەیلوولی 2024، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، تاوەکوو ئێستا نزیکەی 28 هەزار و 500 پشتگیرییمان داوەتە جووتیاران تاوەکو بەرهەمەکانیان هەناردە بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆی گشتیی بەرهەمە جیاوازەکان نزیکەی 720 هەزار تۆن بووە، دەشڵێ: لەو 720 هەزارە نزیکەی 500 هەزار تۆنی هەناردەی خواروو و ناوەڕاستی عێراق کراوە، سەرووی 200 هەزار تۆنیش لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ساخ کراوەتەوە.

گوتیشی: نزیکەی 150 بۆ 200 تۆن پەتاتە هەناردەی سووریا کراوە، هەروەها  25 هەزار تۆنیش هەناردەی قەتەر و ئیمارات و وڵاتانی کەنداو کراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕۆژی شەممە 31ـی ئابی 2024 گوتی: ڕێپیدانمان دایە جووتیارەکان تاکوو بتوانن بەرهەمەکانیان هەناردە بکەن، هەر ڕۆژی شەممە زیاتر لە 100 تۆن تەماتە هەناردەی بەغدا کراوە، ئەوەش لە پێناو ئەوەی باڵانسێک ڕابگیرێت لە نێوان جووتیار و هاووڵاتی، چونکە ئەو نرخەی کە هەیە، زیاتر دادەبەزێت جووتیار زیاتر زەرەرمەند دەبێت، بۆیە هەناردەکردنمان لە پاڵ ئەو نرخە هەرزانەدا کردەوە.

هێمن سەید موراد ڕوونیشی کردەوە، ئەو پلانەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی داینابوو لە 100% سەرکەوتوو بوو، ئەو بەرهەمەی لە ناوخۆ هەبوو، چاوەڕوان دەکرا پێداویستی پڕ بکاتەوە، بۆیە ئەو ڕۆژانەی بەرهەمی تەماتە تێیدا گران بوو، لای خۆمانەوە بەرگەی ئەو نرخە گرانەمان گرت، تاکوو جووتیاران زەرەر نەکەن و بەرهەمی هاوردەش نەیەتە ناو بازارەکانی هەرێمی کوردستان.

پێشکەوتنی کەرتی کشتوکاڵ لە هەرێمی کورستان بەردەوامە، لەناو کەرتی کشتوکاڵدا بایەخدان بە کەرتی بەخێوکردنی ئاژەڵ و پەلەوەریش زیاتر بووە، بەو هۆیەوە لەسەردەمی کابینەی نۆیەمدا ژمارەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بۆ نزیکەی دووهێندە بەرزبوونەتەوە، زیادبوونی پڕۆژەکان و بایەخدان بە کەرتی کشتوکاڵ وایکردووە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتان بکرێت و وردە وردە هەرێمی کوردستان هەنگاو بۆ ئەوە بنێت لە هەرێمێکی بەکاربەرەوە ببێتە بەرهەمهێن و هەناردەکار.