مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان بە هاوتاکراوی دابەش دەکرێت

دیناریی عێراقی
دیناریی عێراقی

مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بەهاوتاکراوی هاوشێوەی عێراق دابەش دەکرێت.

دووشەممە، 02-09-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، "لەسەر بڕیاری وەزیری دارایی و ئابووریی، مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو و بەهاوتاکراوی هاوشێوەی عێراق دابەش دەکرێت".

بە گوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە 278 هەزار خانەنشنین لە هەرێمی کوردستان هەن؛ پێش ئەوەی بڕیار لەسەر هاوتاکردنی مووچەکانیان هاوشێوەی خانەنشینانی عێراق بدرێت، مانگانە پێویستییان بە 122 ملیار دینار بوو، بەڵام دوای بڕیارەکە، زیاتر لە 54 ملیاری دیکە پێویستە.

وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 500 هەزار دیناری وەکوو کەمترین مووچەی خانەنشینی دیاری کردووە، لە کاتێکدا کەمترین مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 230 هەزار دینارە.

ماوەی زیاتر لە 55 ڕۆژە فەرمانبەر و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـیان وەرنەگرتووە سەرەڕای ئەوەی ماوەی زیاتر لە 36 ڕۆژە وەزارەتی دارایی و ئابووریی لیستی مووچەکەی ڕەوانەی بەغدا کردووە و پرۆسەی وردبینیش تەواو بووە.

بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.

لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.