ئەمڕۆ مووچەی ژمارەیەک وەزارەت و فەرمانگە دابەش دەکرێت
ئەمڕۆ مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی ژمارەیەک وەزارەت و فەرمانگەی سەر بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێت.
بە گوێرەی ئەو لیستەی مووچە کە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوێنێ دووشەممە، 02-09-2024 بڵاوی کردەوە؛ ئەمڕۆ سێشەممە، 03-09-2024، مووچەی مانگی تەمموز (حەوت)ـی ئەم وەزارەت و فەرمانگانە دابەش دەکرێت:
- خانەنشینانی شارستانی
- خانەنشینانی پێشمەرگە
- کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراون
- خاوەن پێداویستیی تایبەت
- زیندانە سیاسییەکان
- مافی مرۆڤ
- دەستەی دەستپاکی
- دەستەی وەبەرهێنان
- دەستەی ژینگە
- دەزگای مین
- ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان
- کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن
- دیوانی چاودێریی هەرێمی کوردستان
هەروەها بە بڕیاری ئاوات جەناب نووری، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مووچەی مانگی تەمووزی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، بەپێی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو، بەهاوتاکراوی هاوشێوەی عێراق دابەش دەکرێت.
بە گوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە 278 هەزار خانەنشنین لە هەرێمی کوردستان هەن؛ پێش ئەوەی بڕیار لەسەر هاوتاکردنی مووچەکانیان هاوشێوەی خانەنشینانی عێراق بدرێت، مانگانە پێویستییان بە 122 ملیار دینار بوو، بەڵام دوای بڕیارەکە، زیاتر لە 54 ملیاری دیکە پێویستە.
وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 500 هەزار دیناری وەکوو کەمترین مووچەی خانەنشینی دیاری کردووە، لە کاتێکدا کەمترین مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان نزیکەی 230 هەزار دینارە. واتا دوای ئەم بڕیارە، کەمترین مووچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیش دەکرێتە 500 هەزار دینار.
هەروەها هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەموو ئەو مووچەخۆرانەی ناویان لە پرۆژەی "هەژماری من" تۆمار کردووە، دەتوانن ڕۆژی چوارشەممە، 04-09-2024، مووچەی مانگی تەمموزیان وەربگرن.
گوتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووریی باسی لەوەش کرد، ئەگەر لە لیستی دابەشکردنی مووچەی مانگی تەمموز، مووچەی ئەو وەزارەتانەی بەشدارن لە "هەژماری من" کەوتبێتە ڕۆژی پێنجشەممە، 05-09-2024، مووچەخۆرانی ئەو وەزارەتانە، دەتوانن ڕۆژی چوارشەممە، 04-09-2024، لە ڕێگەی ئامێرەکانی ATMـەوە مووچەکانیان ڕابکێشن.
وەزارەتی دارایی عێراق تاوەکوو ئێستە تەنها نزیکەی 808 ملیار دیناری بۆ مووچەی هەردوو مانگی تەمموز و ئاب (حەوت)ـی فەرمانبەرانی مەدەنی و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان ناردووە، لە کاتێکدا ماوەی زیاتر لە مانگێکە پرۆسەی وردبینی لە لیستی مووچە تەواو بووە.
بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هۆی دواکەوتنی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کودستان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە؛ بۆ "جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە و پابەندنەبوون بە ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا" دەگەڕێننەوە.
بە گوتەی بەرپرسانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان،"مانگانە وەزارەتی دارایی عێراق بە بیانووی وردبینی لە لیستی مووچە، نەبوونی پارەی نەختینە، زیادبوونی ژمارەی مووچەخۆران، گەڕاندنەوەی داهاتی ناوخۆ و چەندین بیانووی دیکە، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دوادەخات؛ هەموو بیانووەکانیش سیاسین".
بە گوێرەی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدراڵی، پێویستە مووچەی مووچەخۆرانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە یەک کاتدا دابەش بکرێت و نابێت مووچەی مووچەخۆران تێکەڵی ململانێیە سیاسییەکان بکرێت.
لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵی، پێویستە هەرێمى کوردستان تەواوى داهاتى ناوخۆ و 50%ى داهاتە خاڵە سنوورییەکان رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات؛ لە بەرانبەردا بەغدا مانگانە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەکات.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی؛ هەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و 114 هەزار و 194 مووچەخۆری هەیە و کۆی مووچەی مانگانەیان دەبێتە نزیکەی 913 ملیار دینار.