دابەشکردنى مووچەى خانەنشینان بە هاوتا کراوى دڵخۆشى زۆرى لای خانەنشینانى کوردستان بەدواى خۆیدا هێنا
دابەشکردنى مووچەى خانەنشینان بە هاوتا کراوى دڵخۆشى زۆرى لای خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بەدواى خۆیدا هێناوە، ئەوان دەڵێن: زیاد کردنى مووچەکانیان ژیان و گوزەرانى ئەوان باشتر دەکات.
یەکێتى خانەنشینانیش پێیان وایە زیادبوونى مووچەى خانەنشینان جوڵەى زیاتر دەخاتە بازاڕەکان.
جیاواز لە مانگ و ساڵانى ڕابردوودا، لەکاتی وەرگرتنی مووچەکانیان خانەنشینکراوان دڵخۆشترن، چونکە مووچەکانیان زیادى کردووە، بە تایبەت ئەو کەسانەى کە ساڵانێکە مووچەى کەم وەردەگرن، ئەوان دەستخۆشى لە حکوومەتى هەرێمی کوردستان دەکەن کە هەوڵى زۆرى داوە مووچەکانیان هاوتاى خانە نشینیانى بەغدا بکرێت، مام سدیق کە موچەکەى وەرگرتوبوو، بۆ دڵنیایی دەیژمارد، ئەو پێشتر مووچەکەى لە 500 هەزار دینار کەمتر بوو، بەڵام ئێستا زیاد بووە بۆ 816 هەزار دینارو دەڵێت: دەتوانم بەو پارە زیادەیە هاوکاریى خەڵکى دیکەش بکەم .
سدیق کەریم خانەنشین گوتی: ئەتوانم زیاتر خێری لێبکەم، خێراتی لێبکەی دەستگیرۆی خەڵکی پێبکەی، ئەوەشی تیایە یەکێک فەقیر بێت نەکو هەموو کەسێک فەقیر نیە، فەقیر هەیە"
هەر خانەنشینێک پێش ساڵى 2014 خانەنشین بووبێت، موچەکەى دەبێتە 500 هەزار لەگەڵ 100هەزار دینارى دەرماڵەى بژێوى، بەڵام ئەوانەى دواى 1ى 1ى ساڵى 2024 خانەنشین بوون، بەپێى ساڵى خزمەت و بڕوانامە مووچەیان دیارى دەکرێت، یەکێتى خانەنشینانیش ئەم بڕیارە بەسەرەتاى خۆشگوزەرانى خۆیان دەزانن.
سادق عوسمان،گوتەبێژى یەکێتى خانەنشینانى کوردستان گوتی: ئیتر ئەوە وردەکارییە ئەمڕۆ دیوتانە کە خانەنشینان لانی کەم 500 یان 600 هەزاریان وەرگرتووە، بۆ ئەوانی دیکەش هەموو کەس بەپێی موچەکەی خۆی و ساڵی خزمەت و بڕوانامەکانیان و پلەکانیان، ئەوانەی سەرووی ملیۆنن، لە ملیۆنەوە چووە بۆ ملیۆن و 500 تا ملیۆن و 800 هەزار دینار، ئەمە گۆڕانکارییەکی زۆر دروست دەکات لە ژیان و بژێوی خەڵکدا و بازار دەبوژێنێتەوە"
هاوتاکردنی موچەی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان دڵخۆشی خانەنشینانی بەدوای خۆیدا هێناوەو دەڵێن: دەتوانێت زۆر شت لە ژیان و گوزەرانمان بگۆڕێت هاوکات هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئاڕاستەی هاوتاکردنی مووچەی خانە نشینان بەرز دەنرخێنن.