بەرنامەی باسی ڕۆژ پرسی هەمواری یاسای باری کەسێتی لە عێراق تاوتوێ دەکات
K24 – هەولێر:
ئەندامێکی هاوپەیمانیی 188 و سەرکردەیەکی ڕەوتی حیکمە، لەمیانەی بەشدارییان لە بەرنامەی باسی ڕۆژی کوردستان24ـدا، کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی کرد، باسیان لە پرسی هەمواری یاسای باری کەسێتی لە عێراق کرد و ڕای جیاوازی لەسەر پرسەکە خستە ڕوو. مشرق فریجی گوتی: هەموارکردنی یاساکە هیچ کێشەیەک چارە ناکات.
لە دەستپێکدا مشرق فریجی، ئەندامی هاوپەیمانی 188، ڕایگەیاند، بەرپرسان دۆخی کۆمەڵگەی عێراقی نابینن، بەڵکو دەسەڵاتداران دەیانەوێت کۆمەڵگەی عێراقی لێک بترازێنن.
ئاماژەی بەوە دا، دەسەڵاتداران دەیانەوێت بەم کارانە جەماوەر کۆبکەنەوە، هەروەها ئیسلامی سیاسیی شیعی لەپشت ئەم هەموارکردنەوەیەن.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە، لە عێراق بڕوایان بە دەوڵەتی مەدەنییە نەک ئایینی. هاوکات دەڵێت: هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی هیچ کێشەیەک چارە ناکات.
لای خۆیەوە هاشم حەسناوی، سەرکردە لە ڕەوتی حیکمە گوتی: یاسای باری کەسێتی هیچ کێشەیەکی تێدا نییە و پێویستە بنەما ئایینییەکان بە یاسا رێک بخرێن.
ئەو سەرکردەیەی ڕەوتی حیکمە، باسی لەوە کرد، شوناسی دەوڵەتی عێراق ئیسلامییە، هەروەها هەموارکردنی یاساکە ژیانی هاووڵاتییان رێک دەخات. گوتیشی: من کچەکەم 10 ساڵە و ئامادەم بەشووی بدەم.
شەقامی عێراقی ماوەی دوو مانگە دژی هەمواری یاسایی باری کەسێتی خرۆشاوە و ڕێکخراوەکان دەیان جۆر چالاکیین ئەنجامداوە تاوەکو کۆدەنگی دروست بکەن بۆ ئەوەی ڕێگا نەدن یاساکە پەسەند بکرێت کە هاوسەرگیری کاتی ڕێگا پێدراوبێت و کچی تەمەن 9ساڵ بە شوو بدرێت و حەقی بەخێوکردنی منداڵی کۆرپە بدرێت بە باوک و هەروەها پێشەکی و کۆتایی مارەیی لە هەوسەرگیریدا هەڵگیرێت لەگەڵ چەندین بڕگەی دیكە کە وا دەکات مەزهەبی جەعفەری لە یاساکەدا زاڵ بێت.
دوای ئەو هەموو ناڕەزایەتییە، پەرلەمانتارانی شیعە خوێندنەوەی دووەمی هەمواری یاساکەیان خستە نێو كارنامەی کۆبوونەوەی پەرلەمان، بەڵام پەرلەمانتارانی سونە و زۆرینەی کورد و تەنانەت بەشێک لە شیعەکانیش بایکۆتی کۆبوونەوەکەیان، ئەو پەرلەمانتارانەی شیعە کە پشتیوانی هەموارەکە دەکەن دەڵێن: دەنگدان بە هەمواری یاسایی باری کەسێتی ئەرکێکی شەرعی و ئەخلاقییە.
لە ساڵی 1959وە یاسایی باری کەسێتی لە عێراق کاری پێدەکرێت، شیعە مەزهەبەکانیش ئێستە دەیانەوێت هەمواری بکەنەوە و بیکەن بە یاسایەک کە مەزهەبی جەعفەری تیادا زاڵ بێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی حامۆرابی یاساکە ڕەتدەکاتەوەو ڕایدەگەیەنێت: ئەم هەموارە هەوڵێکە بۆ پەیوەستکردنی یاسا بە بناغەی تایەفەگەری و شەرعیەتدانە بە لێکترازانی کۆمەڵایەتی کە ئەمەش پێچەوانەی ماددەی 14ی دەستوورە و پەیوەندکردنی یاساکە بە ئەنجوومەنەکانی فەتوای سووننە و شیعە پێچەوانەی ماددەکانی 19-87-88ـی دەستوورەو هەڕەشە لەیەکڕیزی و سەربەخۆی دەسەڵاتی دادوەری دەکات.
هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات هەمواری یاساکە بەگوێرەی ماددەی 2 بڕگەی "ب" پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسییە و، پێچەوانەی پابەندبوونەکانی عێراقە بە ڕێککەوتنە نێودەوڵەتیی و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ.