سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق: دزیی سەددە 114 تاوانی دزیی لەسەر ساغ بووەتەوە

ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان و حەیدەر حەنوون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی
ئەحمەد ئەنوەر سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان و حەیدەر حەنوون سەرۆکی دەستەی دەستپاکی فیدراڵی

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایدەگەیەنێت، نور زوهێر، کە بە دزی سەددە ناسراوە، 114 تاوانی دزیی لەسەر ساغ بووەتەوە، نموونەی یەکەم دزیشی لە 724 دۆنم زەوی وەزارەتی داراییە لە شەتولعەرەب.

چوارشەممە4ـی ئەیلوولی 2024، ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی هەرێمی کوردستان و حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لە هەولێر کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیان ڕێکخست.

حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکە ڕایگەیاند:  هاتوونەتە هەولێر بۆ بەشداریی لە دەرکردنی یەکەم ڕاپۆرتی ڕوبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی، هەروەها بۆ ڕاگەیاندنی ئەوەی کە دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە کار بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەو وڵاتە و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دەکەن، گوتی: هەوڵەکانمان یەک دەخەین، بەرەو ئایندەیەکی گەش هەنگاو دەنێین و هەنگاوی گرنگ دەنێین.

حەیدەر حەنوون، ئاشکرای کرد، بەرپرسانی پێشووی حکوومەتی عێراق، زەوی و موڵکی گشتییان داوەتە کەسانی تایبەت، گوتیشی:  لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە دەکەین کە سامانی گشتییان بەهەدەر داوە، بۆیە هەماهەنگیی لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش دەکەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی.

حەنون گوتی: ئەمڕۆ دەستپێکی ڕووبەروونەوەی گەندەڵی و جەنگی دژ بە گەندەڵییە، یەکەم هەنگاوەکانمان لەو پێناوەدا دەست پێ دەکەین، گوتیشی: من نور زوهێر( دزی سەدە) ڕەوانەی دادگای تاوانەکانی ڕووبەڕوونەوەی گەندەڵی فیدراڵی دەکەم بە گوێرەی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی، ناوەڕۆکی سزاکە، ساختەکردنی 114 چەکە، هەر چەکێک لەو چەکانە ژمارەیەک گوژمەی تێدایە. ئاماژەی بەوە کرد کە  پێویستە 114 کەیس بەرامبەر نور زوهێر بکەنەوە بۆ ئەوەی 114 حوکمی بۆ دەربکەن.

حەیدەر حەنوون گوتی: یەکەم تاوانی نور زوهێر لە بەسرە، تاوانی دزینی 724 دۆنم زەوییی وەزارەتی داراییە لە شەتولعەرەب کە نرخەکەی زۆر بەرزە، نور زوهێر ئەو زەوییانەی بەناوی چەند کەسێکی دیکە کردووە، هەروەها بەڵگەکانی ساختە کردووە، دواتر حەواڵەی سەر ناوی خۆی کردووە.

سێشه‌ممه‌، 3ـی ئه‌یلوولی 2024، حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق ڕایگه‌یاند، ده‌سته‌كه‌یان دوو داواکاری پێشکەش بە دادگه‌ی تاوانەکانی ناوەندی کردووه‌، کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەی نوور زوهێر بكات، به‌ مه‌به‌ستی ده‌ركردنی كارتی سوور به‌ ڕووی تاوانباری سه‌ره‌كیی دۆسیه‌ی دزیی سه‌ده‌ و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سامانه‌كه‌ی له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی عێراق.


حەیدەر حەنوون ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، دزیی سه‌ده‌ چه‌ندان تۆمه‌تباری گه‌وره‌ و سه‌ره‌كی له‌ خۆ گرتووه‌، له‌وانه‌ش نوور زوهێر و هه‌یسه‌م جبووری و چه‌ندانی دیكه‌.


لە ئۆکتۆبەری 2022، دوای ئه‌وه‌ی بانكی ڕافیده‌ین دزینی سێ ترلیۆن و 700 ملیار دیناری له‌ هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج سەلماند، دادگه‌ی کەرخ لە بەغدا فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی بۆ تۆمه‌تبارانی ئه‌و دۆسیەیە ده‌ركرد.


رۆژی 1ـی شوباتی 2023، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەڕاندنەوەی 80 ملیۆن دۆلاری ئەو بڕە پارەیەی لە دۆسیەی دزیی سەدە لە هه‌ژماری ده‌سته‌ی گشتی باج دزرا بوو، ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش کرد ئەوە قۆناغی یەکەمە بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئەو بڕە پارەیە بۆ خەزێنەی گشتی وڵات.


ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ 31ـی ته‌ممووزی 2024، ده‌سته‌ی دەستپاکیی فیدراڵی ڕایگه‌یاند "بە هاوکاریی هه‌ردوو وەزارەتی ناوخۆی فیدراڵی و وەزارەتی ناوخۆی حكوومه‌تی هەرێمی کوردستان، یەکێک لە تۆمەتباره‌ گه‌وره‌كان کە تۆمەتبارە بە دزینی پارەی پێشەکی باج، کە لە مێدیاکان بە "دزیی سەدە" ناسراوە، ده‌ستگیر كراوه‌ و ڕاده‌ستی ده‌سته‌كه‌ كراوه‌".


هەینی، 15ـی ئاداری 2024، دادوەر حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق ڕایگەیاند: دۆسیەی نوور زوهێر، کە تۆمەتباری سەرەکییە لە دۆسیەی دزیی سەدە لە قۆناغی ‌کۆتایی دادگه‌دایە و 30 تۆمەتباری دیکەش لێکۆڵینەوە لە بارەیانەوە دەکرێت کە ڕۆڵیان لەو گەندەڵییە هەبووە.


حەنوون ئاشکراشی کرد "بەشێک لە تۆمەتبارانی ئەو دۆسیەیە بەرپرسانی کابینەی پێشووی حکوومەتی عێراقیش لە خۆ دەگرێت و بەشێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیر کراون و هەندێکیشیان هەڵاتوون بۆ دەرەوەی وڵات".


هاوکات سەرۆکی دەستەی دەستپاکیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد "لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن بۆ ئاشکراکردنی هەموو لایەنەکانی پەیوەندیدار بەو گەندەڵییە".