یانەی نەورۆز یارییەكانی لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە كام یاریگەیە دەكات؟

یاریگە تەواونەكراوەكەی یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی
یاریگە تەواونەكراوەكەی یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی

بابەتی یاریگەی یانەی نەورۆز بووەتە بابەتی گەرمی میدیاییەكانی كوردستان و عێراق، بەوپێیەی هێشتا روون نییە یانەی نەورۆز یارییەكانی سەرەتای ئەم وەرزەی لە كام یاریگە دەكات، بە گوێرەی زانیارییەكانی كوردستان24 یانەی نەورۆز هیچ داواكارییەكی فەرمی پێشكەشی یانەی سلێمانی نەكردووە بۆ ئەوەی یارییەكانی لە یاریگەی "مەلعەبەكە" بكات.
یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی بە راهێنەرایەتی جۆرڤان ڤیێرای بەرازیلی ئامادەكاری دەكات بۆ وەرزی نوێی خولی ئەستێرەكانی عێراق، بەڵام ئەو یانەیە سێیەم ساڵە لەسەریەك پێش دەستپێكی خولەكە گرفتی یاریگەی بۆ دروست دەبێت، وەرزی رابردووش نەورۆز بەهۆی نەبوونی یاریگە بەشێك لە یارییەكانی نێو یاریگەی خۆی بردە بەغدا.
بڕیارە رۆژی 20ـی ئەم مانگە لە یاریگەی یانەی دهۆك یاریی كردنەوەی خولی ئەستێرەكانی عێراق بەڕێوە بچێت، لە ماوەی دوو رۆژ دەبێت تەواوی یارییەكانی گەڕی یەكەمی خولەكە بەڕێوە بچێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە بەهۆی كەمتەرخەمی ئەو كۆمپانیایەی ئەركی دروستكردنی یاریگەی یانەی نەورۆزی لەئەستۆیە، یانەكە ناتوانێت یارییەكانی سەرەتای وەرزی نوێ لە یاریگەی خۆی ئەنجام بدات.
كوردستان24 زانیاری ئەوەی دەستكەوتووە یانەی نەورۆز وەرزی رابردوو 50 ملیۆن دیناری عێراقی دایە ئیدارەی یانەی سلێمانی لە بەرامبەر ئەنجامدانی  یارییەكانی نێو یاریگەی خۆی لە نێو یاریگەی "مەلعەبەكە"، بەڵام بۆ وەرزی نوێ هێشتا ئیدارەی یانەی نەورۆز هیچ داواكارییەكی بۆ ئەنجامدانی یارییەكانی خۆی لە نێو یاریگەی "مەلعەبەكە" پێشكەشی یانەی سلێمانی نەكردووە.
سەرچاوەیەكی تایبەت بە كوردستان24ـی راگەیاند لەئەگەری پێشكەش نەكردنی داواكاری بۆ ئەنجامدانی یارییەكانی یانەی نەورۆز لە یاریگەی مەلعەبەكە، رەنگە یانەی نەورۆز بەشێك لە یارییەكانی سەرەتای خولی ئەستێرەكانی عێراق لە نێو یاریگەی یانەی هەولێر بكات، ئەمەش لە كاتێكدایە دوو وەرز پێش ئێستا یانەی نەورۆز بەهەمان هۆكار، چەند یارییەكی خۆی لە خولی عێراق لە نێو یاریگەی فرەنسۆ هەریری ئەنجام دا.
یانەی نەورۆز پێشتر سێجاری دیكە بەشداریی لە خولی عێراق كردووە، هیچ كاتێك لە ریزبەندی نەچووەتە خوار پلەی دەیەم، بۆ ئەم وەرزەش بە ئامانجی بەدەستهێنانی بلیتێكی نێودەوڵەتی گۆڕانكارییەكی گەورەی لە پێكهاتەكەی كردووە، 12 یاریزانی نوێی گواستووەتەوە و دەستبەرداری 9 یاریزانی بووە، گرێبەستی 11 یاریزانیشی نوێ كردووەتەوە.

.