عوسمان ئیسماعیل نانەکەلی: نەخۆشخانەیەکی دەروونیی لەسەر ڕووبەری 33 هەزار مەتر لە هەولێر دروست دەکەین

سەرباری نەخۆشخانەی نانەکەلی کە چەندین ساڵە وەک نەخۆشخانەیەکی خێرخوازیی خزمەتی تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بێبەرامبەر و بەشێوەیەکی خێرخوازانە دەکات، ئەمجارەیان، عوسمان ئیسماعیل نانەکەلی نەخۆشخانەیەکی دەروونیی لەسەر ڕووبەری 33 هەزار مەتر لە هەولێر دروست دەکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی کارئاسانی بۆ ئەو خێرخواز و سەرمایەدارانە کردووە تا بتوانن لە رێگەی پرۆژەی خێرخوازییەوە خزمەتی هەرێمی کوردستان بکەن، دکتۆر عوسمان نانەکەلی یەکێکە لەو خێرخوازانەی کە خۆیی و خانەوادەکەی تا ئێستا چەندین پرۆژەی خێرخوازییان ئەنجامداوە، ئێستا خەریکی درووستکردنی نەخۆشخانەیەکی دەروونین کە دەتوانێت 200 تا 240 نەخۆش لەخۆ بگرێت و تێیدا بحەوێندرێنەوە.
پرۆژەیەکی خێرخوازی گرنگ لە بواری تەندروستیدا
چوارەمین پرۆژەی خێرخوازی دکتۆر عوسمان نانەکەلییە، ئەو یەکێکە لە وەبەرهێنەر و سەرمایەدارە دیارەکانی شاری هەولێر.
پرۆژەکە نەخۆشخانەیەکی دەروونییە، دوو ساڵە کاری تێدا دەکرێت.
دکتۆر عوسمان یەک لەو کەسانە بوو رۆژی چوارشەممە لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە قەڵغانی رێزلێنانی پێبەخشرا.
د. عوسمان نانەکەلی خێرخواز گوتی: لە 2008 دەستم بە دروستکردنی مزگەوتێک کرد لە گەڕەکی کارێزان لە گەڕەکی باداوە، پاشان لە 2015 بنکەیەکی تەندروستیم دروستکرد لە شاری زەیتوون، لە 2018 نۆرینگەیەکم دروستکردووە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی رۆژئاوا، چوارەم پرۆژەش دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی دەروونییە و 200 تەختییە، کە ئێستا لە قۆناغی تەوابووندایە، نەخۆشخانەیەکی گشتیش لە قوشتەپە دەستی پێکراوە ئەویش 50 تەختە.
بڕیاروایە ساڵی داهاتوو کارەکانی نەخۆشخانەکە تەواوبێت و بخرێتە بەردەست وەزارەتی تەندرووستی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
تێچووی ئەم پرۆژەیە و پرۆژەکانی دیکە لەسەر ئەرکی دکتۆر عوسمان نانەکەلییە، هەر خۆی نا تەنانەت کچەکەشی وەک ئەندازیار و سەرپەرشتیاری پرۆژەکە ڕۆژانە کاتێکی زۆری خۆیان بۆ تەواوکردنی نەخۆشخانەکە تەرخانکردووە.
ئەندازیار سروشت عوسمان نانەکەلی گوتی: نەخۆشخانەی دەروونی لەسەر ڕووبەری 33 هەزار مەتر دروستکراوە، لە پێنج باڵەخانە پێکهاتووە، لەگەڵ باڵەخانەیەکی خزمەتگوزاریی، باڵەخانەی کارگێڕیی هەیە، لەگەڵ دوو باڵەخانە بۆ ئافرەتان، یەکیان بۆ نەخۆشیی درێژخایەن و یەکێکی دیکەش بۆ نەخۆشیی کورت خایەن، بۆ پیاوانیش بەهەمان شێوە بۆ نەخۆشانی دڕێژخایەن و کورت خایەن، ڕووبەڕی تەواوی باڵەخانەکان 15 هەزار مەترە، هەر باڵەخانەیەک لە نهۆمێک بۆ دوو نهۆمە، ڕێژەی سەوزایی لە نەخۆشخانەکە سەدا 60ـی پێدراوە، لەبەر ئەوەی بۆ ئەو پرۆژەیە سەوزایی زۆر پێویستە، چونکە کاریگەریی زۆر لەسەر دەروونی نەخۆشەکان دروست دەکات.