سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: هەڵکوتانە سەر ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین
لیژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنوسان و مافی رۆژنامەنوسان بەیاننامەیەکی لەسەر هێرشکردنە سەر دەزگای ڕۆشنگەریی چاودێر و بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران له سلێمان. بڵاو کردەوە و تێێدا هاتووە، دۆخێکی نائارامی دەروونی ڕووی لە هاووڵاتیان کردووە بەهۆی گرژیە سیاسیەکانەوە.
ئەمڕۆ هەینی 6ـی ئەیلوولی 2024، لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنوسی و مافی رۆژنامەنوسان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، لەکاتێکدا هەرێمەکەمان بەکاتێکی هەستیاردا تێدەپەرێت کە بەرەو هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان دەچین، دۆخێکی نائارامی دەروونی بەهۆی گرژیە سیاسیەکانەوە ڕووی لە هاووڵاتیان کردووە.
هەر لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، دوێنێ پێنجشەممە، 5-9-2024، هێزێکی کۆماندۆ دوور لەهەموو پرەنسیپێکی ئیتیکی و یاسایی هەڵدەکوتنە سەر دەزگای ڕوناکبیری و ڕاگەیاندنی چاودێر لەشاری سلێمانی و دایدەخەن و دەست بەسەر هەموو کەلوپەلەکەیدا دەگرن.
ئاماژە بەوەش دراوە، ئێمە لە لیژنەی داکۆکی لەئازادی ڕۆژنامەنوسان ومافی رۆژنامەنوسان لەسەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بەتوندی سەرکۆنەی ئەوجۆرە ڕەفتارانە بەرامبەر هەردەزگایەکی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن دەکەین و بەمەترسی بۆ سەر ئازادی ڕادەربڕین و ڕەوتی ڕۆشنبیری خەڵکی کوردستان دادەنێین.
دەشڵێت: ئەمە نیشانەی پێشێلکردنی یاسا وهەموو پرەنسیپەکانی یاسای ڕاگەیاندن وئازادی ڕادەربرینە، جگە لەوەی دۆخێکی نائارامی و دڵەراوکێ و بێزاری لای دانیشتووانی ئەم ناوچانە دروست کردووە. بۆیە داواکارین هەرچی زووترە بەر لەم جۆرە کارانە بگیرێت و مافی کارکردن بۆ دەزگای ناوبراو بگەڕێنێرێتەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا باس لەوەش کراوە، لەکاتی لێپێچینەوە لەهەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن ڕەچاوی یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە 35ـی ساڵی 2007 بکرێت.
کاتژمێر 5ـی ئێوارەی پێنجشهممه، 5ـی ئهیلوولی 2024، هێزێکی کۆماندۆ، ههڵیانكوتاوهته سەر بارەگای سیاسەتمەدار و ڕۆشنگەر مەلا بەختیار و دەزگای ڕۆشنگەریی چاودێر و بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ لە گردی ئەندازیاران له سلێمانی.
هێزهكه، پاسەوانەکانی دەزگای چاودێریان دوور خستووهتهوه و دەستیان بەسەر تەواوی کەلوپەلی دەزگاکەدا گرتووە.
تۆڕی ناوەندیی ڕۆشنگەریی چاودێر ڕایگهیاندووه "ئێمە وەکوو تۆڕی ناوەندیی ڕۆشنگەریی چاودێر، سەرکۆنەی ئەو کردەوەیە دەکەین و ئەم کارە بە پێشهاتێکی مەترسیدار بۆ سەر ئازادیی نووسین، ئازادیی بیروڕا، ئازادی ویژدان دەزانین."