مونا قەهوەچی بۆ عەلی حەمە ساڵح: دەیانەوێت پەرێزی پیسی خۆیان بە ئێمە خاوێن بکەنەوە
جێگری پارتی چاکسازیی تورکمان وەڵامێکی بۆ عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان نووسیووە و دەڵێت: وا دیارە لە ئێستاوە دەستی کردوە بە بانگەشە و بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە بەناوی بەندەوە، دەشڵێت: دەیانەوێت پەرێزی پیسی خۆیان بە ئێمە خاوێن بکەنەوە.
یەکشەممە 8ـی ئەیلوولی 2024، مونا قەهوەچی، جێگری پارتی چاکسازیی تورکمان وەڵامێکی بۆ عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان نووسیوە و دەڵێت: لە ڤیدیۆیەکدا عەلی حەمە ساڵح قسە بۆ چەند کەسێک دەکات، وا دیارە لە ئێستاوە دەستی کردووە بە بانگەشە و بڵاوکردنەوەی درۆ و دەلەسە بەناوی بەندەوە کە گوایە لە کاتی گفتوگۆی یاسای بودجەی پارتە سیاسییەکان لە پەرلەمان، داوای پارەمان بۆ پارتە سیاسییەکانی تورکمان کردبێت.
قەهوەچی دەڵێت: لە ڕێگەی ئەو نووسینەوە بۆ ڕای گشتی ڕادەگەیەنم کە سەر لەبەری ئەو قسانە ناڕاست و هەڵبەستراون، بە پێچەوانەوە ئەو کاتەی کە کاک عەلی باسی دەکات، سەرۆکی پەرلەمان لە گۆڕان بوو، هاوکات جەنابیشیان "عەڕاب"ی ئەو پرۆژە یاسایە بوو و دەیانویست پارەی گشتی بۆ بەرژەوەندیی حزبی بەکار بهێنن، هەروەها هەر کورسیەکی پەرلەمان (60) ملیۆنی بۆ تەرخان بکەن، بەڵام بۆیان نەچووە سەر و ڕێگریی لە یاسایەکە کرا، پێویستە خەڵکی خۆشەویستی کوردستان ڕاستییەکان بزانێت و گوێ نەگرێت لە قسەی دروستکراو و ناڕاست، چونکە ئاشکرایە کە گۆڕان و عەلی حەمە ساڵح دەیانویست لە ڕێگەی یاسای بودجەی پارتە سیاسییەکان پارەی گشتی بەهەدەر بدەن و بۆ چالاکی حزبی و کەسێتی بەکاری بهێنن، کەچی بەو قسانە دەیانەوێت پەرێزی پیسی خۆیان بە ئێمە خاوێن بکەنەوە.