مەسرور بارزانی پێشوازیی لە باڵیۆزی کەنەدا کرد

ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی ئەیلوولی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە کاتی بونکا، باڵیۆزی کەنەدا لە عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لە دیدارەکەدا سوپاسی باڵیۆزی کەنەدای کرد بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە کردووە و هیوای سەرکەوتنیشی لە ئەرکی داهاتوویدا بۆ خواست.
هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، باڵیۆزی کەنەدا خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، بە تایبەتی لە بواری بازرگانیدا، لەم بارەیەوە گوتی: شاندێکی کۆمپانیاکانی کەنەدا تایبەتمەند لە کەرتی کشتوکاڵی، بڕیارە لە پاییزی ئەم ساڵدا سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ تاووتوێ کرا و ئاماژە بە گفتوگۆکانی دوو ڕۆژی ڕابردووی هەردوو ئەنجوومەنی ئابووريی فیدراڵ و هەرێم لە هەولێر کرا. هەردوولا هاوڕا بوون لە سەر گرنگی و پێویستیی بەردەوامبوونی ئەو گفتوگۆ ڕاشکاو و بنیاتنەرانە لە نێوان بەغدا و هەولێر، لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە دەستوور و قەوارەی فیدراڵيی هەرێمی کوردستان.