ئەرکان حەمدانی: ئەو لایەنەی ڕێگریی لە کوردستان24 کرد پێویستە پاساو بهێنێتەوە
شرۆڤەکارێکی سیاسی دەڵێت: ئەو لایەنەی ڕێگریی لە کوردستان24 کرد ڕووماڵی سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق بکات، پێویستە پاساو بۆ ئەو ڕێگرییە بهێنێتەوە.
چوارشەممە، 11ـی ئەیلوولی 2024، ئەرکان حەمدانی، شرۆڤەکاری سیاسی لەبارەی ڕێگریی لە تیمی کوردستان24 لە ڕووماڵکردنی سەردانی سەرۆک کۆماری ئێران مەسعود پزیشکیان بۆ بەغدا، بۆ کوردستان24 گوتی: ئەوەی بەرامبەر کوردستان24 کرا. ڕێگرییەکی ڕوونە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لە ماددەی 33 دەستوور ڕوون کراوەتەوە "دەوڵەت ئازادیی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕینی دەستەبەر کردووە".
گوتیشی: ئێمە یاسایەکی بەرکاریشمان هەیە بۆ ئازادیی کاری ڕۆژنامەگەریی کە تێیدا هاتووە، ڕۆژنامەنووسان ئازادیی ڕەهایان هەیە بەشداریی لە کۆنفرانس و کۆبوونەوەکانی دەوڵەت بکەن، دەبێ ئاسانکاریی زۆر بۆ ڕۆژنامەنووسان بکرێت و پێویستییەکانیان بۆ دەستەبەر بکرێت، دامەزراوەکانیش تەواوی ئاسانکاریی پیشکەش بە ڕۆژنامەنووسان بکەن ئەگەر کەسایەتییەکان هەر کەسێک بن، پێویستە ڕۆژنامەنووسان کاری خۆیان بکەن.
دەشڵێت: نابێت ڕێگریی لە کاری رۆژنامەگەریی بکرێت، پێویستە ڕۆژنەمانووسان بە ئاسوودەیی کاری خۆیان بکەن، هەر کارێکی ڕۆژنامەگەری ڕێگریی لێ بکرێت، پێویستە ڕێکاریی یاسایی بەرامبەر ئەو لایەنە بگیرێتە بەر کە ڕێگریی لێ دەکات، چونکە پیێچەوانەی دەستوور و یاسا بەرکارەکانە، هەموو دامەزراوەیەک کە ڕێگریی لە کاری ڕۆژنامەوانی دەکات ، دەبێ پاساو بهێنێتەوە کە بۆچی ڕێگریی لە کاری ڕۆژنامەنووسی ئەو دەزگایە کردووە.