سەرۆککۆماری ئێران گەیشتە هەولێر

سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)
سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا (وێنە: ئیسلام هیرۆ - کوردستان24)

سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە هەولێر و لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێ کرا.

نزیکەی کاتژمێر 08:15 خولەکی بەیانیی ئەمرۆ پێنجشەممە، 12-09-2024، مەسعود پزیکشیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ کرا.

وا بڕیارە سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی هەرێمی کوردستان کۆ ببێتەوە.

دوێنێ چوارشەممە، 11-09-2024، پزیکیشیان گەیشتە بەغدا و بە جیا لەگەڵ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکوومی و حزبیی عێراق کۆ بووەوە.

بە چاودێریی سوودانی و پزیکشییان، ئێران و عێراق 14 یاداشتی لێکگەیشتنیان واژۆ کرد:

1- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش لە بواری هاریکاری ڕاهێنان.

2- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش لە بواری لاوان و وەرزشی عێراقی و ئێرانی.

3- یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری ئاڵوگۆڕی کولتووری و هونەری و شوێنەواری عێراقی و ئێرانی.

4- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لەبواری پەروەردەدا.

5- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری مێدیایی عێراق و ئێران.

6- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری پەیوەندییەکاندا.

7- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لە بواری پێشخستنی گروپە گەشتیارییە ئاینیەکان.

8- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری ناوچە ئازادەکانی عێراق و ئێران.

9- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری کشتوکاڵی عێراق و ئێران و سامانە سروشتییەکان.

10- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری خزمەتگوزاری پۆستەدا.

11- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لە بواری پاراستنی کۆمەڵایەتی.

12- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لەبواری ڕاهێنانی پیشەیی و تەکنیکی.

13- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری پەرەپێدانی هێزی کاری لێهاتووی عێراق و ئێرانی.

14- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری چالاکی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و ئێران.


ئەمە یەکەم سەردانی مەسعود پزیشکیانە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی لە 19ـی تەمموزی ڕابردوو، بووە سەرۆککۆماری نوێی ئیسلامیی ئێران.

پێشتر بڕیار بوو، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئیسلامیی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی و گیانسپاردنی، سەردانەکە نەکرا.

هەرێمی کوردستان و کۆماری ئێسلامی ئێران، سنووری هاوبەشیان پێکەوە هەیە و سێ دەروازەی فەرمی و چەند دەروازەیەکی دیکە لەنێوان هەردوولادا هەن، بۆیە هەردوولا هەوڵ دەدەن پەرە بە پەیوەندییە بارزگانییەکانی نێوانیان بدەن.