سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە
مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەدایە.
وا بڕیارە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان؛ سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێڕان لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ ببێتەوە.
نزیکەی کاتژمێر 08:15 خولەکی بەیانیی ئەمرۆ پێنجشەممە، 12-09-2024، مەسعود پزیکشیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ کرا.
دوێنێ چوارشەممە، 11-09-2024، پزیکیشیان گەیشتە بەغدا و بە جیا لەگەڵ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکوومی و حزبیی عێراق کۆ بووەوە.
بە چاودێریی سوودانی و پزیکشییان، ئێران و عێراق 14 یاداشتی لێکگەیشتنیان واژۆ کرد:
1- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش لە بواری هاریکاری ڕاهێنان.
2- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش لە بواری لاوان و وەرزشی عێراقی و ئێرانی.
3- یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە بواری ئاڵوگۆڕی کولتووری و هونەری و شوێنەواری عێراقی و ئێرانی.
4- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لەبواری پەروەردەدا.
5- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری مێدیایی عێراق و ئێران.
6- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری پەیوەندییەکاندا.
7- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لە بواری پێشخستنی گروپە گەشتیارییە ئاینیەکان.
8- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری ناوچە ئازادەکانی عێراق و ئێران.
9- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری کشتوکاڵی عێراق و ئێران و سامانە سروشتییەکان.
10- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری خزمەتگوزاری پۆستەدا.
11- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لە بواری پاراستنی کۆمەڵایەتی.
12- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاوکاری لەبواری ڕاهێنانی پیشەیی و تەکنیکی.
13- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری پەرەپێدانی هێزی کاری لێهاتووی عێراق و ئێرانی.
14- یاداشتێکی لێکگەیشتنی هاوبەش بۆ هاریکاری لە بواری چالاکی ژوورە بازرگانییەکانی عێراق و ئێران.
ئەمە یەکەم سەردانی مەسعود پزیشکیانە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی لە 19ـی تەمموزی ڕابردوو، بووە سەرۆککۆماری نوێی ئیسلامیی ئێران.
پێشتر بڕیار بوو، سەرۆککۆماری کۆچکردووی ئیسلامیی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەی و گیانسپاردنی، سەردانەکە نەکرا.
هەرێمی کوردستان و کۆماری ئێسلامی ئێران، سنووری هاوبەشیان پێکەوە هەیە و سێ دەروازەی فەرمی و چەند دەروازەیەکی دیکە لەنێوان هەردوولادا هەن، بۆیە هەردوولا هەوڵ دەدەن پەرە بە پەیوەندییە بارزگانییەکانی نێوانیان بدەن.