سەرۆککۆماری ئێران بە کوردی: بۆ لەنێوبردنی کێشەکان هاتووینەتە هەولێر
سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت، بۆ لەنێوبردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان هاتووەتە هەولێر.
پێنجشەممە، 12-09-2024، مەسعود پزیکشیان، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە هەولێر و لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێم کۆ بووەوە. دواتریش بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بووەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسعود پزیکشیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.
سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەولێر، بە زمانی کوردی، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: هاتووین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق، هەرێمی کوردستان و هەولێر باشتر بکەین.
سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: پشت بە خوا هەموو ئەو کێشانەی تاوەکو ئێستا هەبوون، بە تەواوی لەنێویان دەبەین.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێرانی بۆ هەولێر بە "مێژوویی" ناوبرد و وەکو خۆی گوتی: پەیوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی مێژووییە.
وەکوو ئەوەی نێچیرڤان بارزانی باسی کرد "هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان لە پشت خۆمانەوە بینیوە. ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار لە مێژوودا سەرۆککۆمارێکی ئێران سەردانی هەولێر کرد، بۆیە بۆ ئێمە ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی بوو".
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە هەموو ڕوویەکەوە پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بدات.
سەرۆک بارزانی بانگهێشتی تاران کرا
لە چوارچێوەی سەردانەكەی سەرۆككۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان؛ ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12-09-2024، لە شاری هەولێر، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئیسلامیی ئێران كرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، لەو دیدارەدا "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا و هەروەها جەخت لەسەر هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكان لە بوارە سیاسی و ئابووری و فەرهەنگییەکانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران كرایەوە".
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "مەسعود پزیشكیان، سەرۆككۆماری ئیسلامیی ئێران بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆك بارزانی كرد بۆ سەردانی كۆماری ئیسلامیی ئێران".
دوێنێ چوارشەممە، 11-09-2024، پزیکیشیان گەیشتە بەغدا و بە جیا لەگەڵ د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق؛ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسانی دیکەی حکوومی و حزبیی عێراق کۆ بووەوە.
ئەمە یەکەم سەردانی مەسعود پزیشکیانە بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان دوای ئەوەی لە 19ـی تەمموزی ڕابردوو، بووە سەرۆککۆماری نوێی ئیسلامیی ئێران.
پێشتر بڕیار بوو، سەرۆککۆماری کۆچکردووی کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئیبراهیم ڕەئیسی، سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام ئەو لە ڕووداوی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکەیدا گیانی سپارد.
هەرێمی کوردستان و کۆماری ئێسلامیی ئێران، سنووری هاوبەشیان پێکەوە هەیە و سێ دەروازەی فەرمی و چەند دەروازەیەکی دیکە لەنێوان هەردوولادا هەن، بۆیە هەردوولا هەوڵ دەدەن پەرە بە پەیوەندییە بارزگانییەکانی نێوانیان بدەن.