سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دراوسێیەتیمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی خۆشحاڵی خۆی بە سەردانەکەی سەرۆکی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ هەولێر دەردەبڕێت و جەختیش لە پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان دەکاتەوە.
پێنجشەممە، 12-09-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو)، "خۆشحاڵی"ـی خۆی بە دیدار لەگەڵ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەولێر دەربڕی.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دووپاتی کردووەتەوە، "بەردەوام دەبین لە پەرەپێدانی پەیوەندیی دراوسێیەتیمان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە یەکتر و بەرژەوەندیی هاوبەش".
We will continue to build on our policy for good-neighborly relations based on mutual respect and interests. pic.twitter.com/US1lyIvsMZ
— Masrour Barzani (@masrourbarzani) September 12, 2024
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆککۆماری کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتە هەولێر و لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان؛ لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی هەرێم کۆ بووەوە. دواتریش بە جیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆ بووەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکان؛ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسعود پزیکشیان، سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامی ژمارەیەک پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.
سەرۆککۆماری ئیسلامی ئێران لەبارەی ئامانجی سەردانەکەی بۆ هەولێر، بە زمانی کوردی، بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: هاتووین بۆ ئەوەی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق، هەرێمی کوردستان و هەولێر باشتر بکەین.
سەرۆککۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: پشت بە خوا هەموو ئەو کێشانەی تاوەکو ئێستا هەبوون، بە تەواوی لەنێویان دەبەین.
لەلایەکی دیکەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانەکەی سەرۆککۆماری ئێرانی بۆ هەولێر بە "مێژوویی" ناوبرد و وەکو خۆی گوتی: پەیوەندیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی مێژووییە.
وەکوو ئەوەی نێچیرڤان بارزانی باسی کرد "هەمیشە لە کاتە سەختەکاندا کۆماری ئیسلامیی ئێرانمان لە پشت خۆمانەوە بینیوە. ئەمڕۆ بۆ یەکەم جار لە مێژوودا سەرۆککۆمارێکی ئێران سەردانی هەولێر کرد، بۆیە بۆ ئێمە ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی بوو".
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە هەموو ڕوویەکەوە پەرە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران بدات.