گوتەبێژی کۆمسیۆن: یەک ڕۆژ دوای تەواوبوونی وردبینییەکان بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ دەکات

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، هەموو پارت و هاوپەیمانییە سیاسییەکان و ئەو کاندیدانەی لەلایەن کۆمسیۆنەوە پەسەند دەکرێن و وردبینییەکانیان تەواو دەبن، ئەوە دەتوانن یەک ڕۆژ دوای تەواوبوونی کارەکان بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان دەست پێ بکەن.

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەگوێرەی ماددەی 2ـی کۆمسیۆن، هەموو پارت و هاوپەیمانییە سیاسییەکان و ئەو کاندیدانەی لەلایەن کۆمسیۆنەوە پەسەند کراون، دەتوانن یەک ڕۆژ دوای پەسەندکردنیان بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیان دەست پێ بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، بانگەشەی هەڵبژاردن لە سنووری یاسا و ڕێکخستنە گشتییەکان ئازادە، گوتیشی: هەر بەگوێرەی یاسا، کۆمسیۆن بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەو شوێنانە دیاری دەکات کە بانگەشەی هەڵبژاردن و پۆستەر و ڕێکلامیان تێیدا قەدەغەیە،  بەدرێژایی ماوەی بانگەشە.

غەلای ڕاشیگەیاند، کاندید و لایەنە سیاسییەکان و هاوپەیمانییەکان دەبێت لە ماوەی (30) ڕۆژدا لە ڕۆژی دوای هەڵبژاردنەوە سەرجەم پۆستەرەکانی پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لاببەن، بە پێچەوانەوە پۆستەرەکان لادەبرێن و تێچووی لابردنی سەرپێچیەکانیش لەو بیمە دەگێردرێتەوە کە دایان ناوە.

لەسەر وادەی دەست پێ کردنی بانگەشەی هەڵبژاردن، پێشتر بەرپرسی ئۆفیسی دهۆک لە کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق، خالد عەباس بە کوردستان24ـی گوتبوو، بانگەشەی هەڵبژاردنی بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە 16ـی ئەیلوولی 2024 دەست پی دەکات تاوەکو 24 کاتژمێر پێش هەڵبژاردن بەردەوام دەبێت.

یەکشەممە، 01-09-2024، جومانە غەلای، بە کوردستان24ی ڕاگەیاندبوو، تاوەکوو وردبینی تەواوی بەربژێرەکان تەواو نەکرێت، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بڕیاری وادەی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دەرناکات. گوتیشی، هەر کەس و لایەنێک پێشێلکاری بکات، سزاکان ڕوون و ئاشکران، لە سەپاندنی پێبژاردنی ماددییەوە تاوەکوو دوورخستنەوەی کاندید و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن دەگرێتەوە.

بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ، بە سەرپەرشتیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوە بچێت.

بە گوێرەی تۆماری بایۆمەتری دەنگدان، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم هەڵبژاردنە، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 878 دەنگدەرە، کە دوو ملیۆن و 683 و 618ـیان دەنگدەری گشتین و 215 هەزار و 960ـیشیان دەنگدەری تایبەتن.