عیماد جەمیل: هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان نموونەیی و ناوازە دەبێت

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق

عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت: بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیایەی لە پرۆسەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بەکاری دێنین، ئەو هەڵبژاردنە نموونەیی و ناوازە دەبێت.

پێنج شەممە 12ـی ئەیلوولی 2024، عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ دوا قۆناغی پرۆسەی دەنگدانی ئەزموونیی بەڕێوەچوو، ئێستا خەریکی گواستنەوەی دەنگەکانیان لە سێرڤەرەکانەوە بۆ  بنکەکانمان، بۆ ئەوەی ئەو پاکێجە داتاییە ببینین کە دواتر لە دەنگەکانەوە دەردەکەوێت لەگەڵ قەبارەی دەنگەکان لە هەڵبژاردنی گشتی و  تایبەت، چونکە ئەمڕۆ دەنگەکانی هەردوو هەڵبژاردن تاقی دەکەینەوە، ئامێرەکانی دەنگەکان دەگوازنەوە، توانیویانە سەرکەوتوو بن.

عیماد جەمیل گوتی: ئامانجی تاقیکردنەوەکە بۆ ئەوە بوو بزانین ئامێرەکان چۆن کار دەکەن، گوتیشی: ئەوانەی لەسەر ئامێرەکان دەبن پێویستە هەڵگری بڕوانامەی بەرز بن.

سەرۆکی تیمی میدیای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند: کۆمیسیۆن بەهۆی ئەو تەکنەلۆژیاوە سەلماندوویانە، ڕێگریی لە ساختەکاریی دەکەن، گوتی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان زۆر نموونەیی و ناوازە دەبێت.

لەبارەی  کارەتاکانی بایۆمەتری، عیماد جەمیل ئاشکرای کرد، کارتەکانی بایۆمەتریی سەدا91 دراونەتەوە، زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار کارت لە کۆی گشتی دوو ملیۆن و 80 هەزار کارت دابەش کراون کە مافی دەنگدانیان هەیە، 200 هەزار کارت ماوەتەوە بۆ دابەشکردن.

عیماد جەمیل گیشی: تاکو ئێستا هیچ سکاڵایەک تۆمار نەکراوە، بەڵام سکاڵا بۆ ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن دێنلەسەر بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام هیچیان تۆمار نەکراوە تا دەستپێکردنی بانگەشەکان.