دادگایکردنی بکوژانی رووداوەکەی شارۆچکەی نسێبین دواخرا
ئەمڕۆ پێنچشەممە 12-09-2024 لە دادگایی مێردینی باکووری کوردستان، شەشەمین دانیشتنی دادگایکردنی بکوژانی رووداوەکەی شارۆچکەی نسێبینی تورکیا بەرێوەچوو.
لە دانیشتنەکەدا هەردوو تۆمەتبار ( عەبدوڵا ک و فارس ئەی) لە رێگای ڤیدیۆ کۆنفراس بەشدار بوون، بەڵام بەهۆی تەواو نەبوونی بەڵگەی پێویست سەبارەت بە دۆسیەکە، دادوەری دادگای مێردین دانیشتنەکەی بۆ دوو مانگ و دوو رۆژی دیکە دواخست.
حەربی جەلالەدین نوێنەری هەردوو خێزانی قوربانییەکان بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: ئەوان بایکۆتی دانیشتنەکەی ئەمڕۆیان کردووە، چونکە لایەنی پەیوەندیدار وەکە پێویست کار لە سەر کەیسەکە ناکات و دەلێت: بە داخەوە پرۆسەی دادگاییکردنی تاوانبارەکان بە دروستی بەرێوە ناچێت، دەشڵێت: لاوازی و خاوی تێدا بە دیدەکرێت و ڕێکاری پێویستیش وەرناگیرێت ، ئەمەش گومانی زیاتر لە سەر کەیسەکە دروست دەکات.
حەربی جەلالەدین ئاماژە بەوەش دەکات کە، ئەمڕۆ لە ئەنقەرە سەردانی کونسوڵخانەی عێراقیان کردووە و ئەوانیش بەڵێنیان پێداوە کە لەم کەیسەدا هاوکاربن و بەرگریی لە کەیسەکە بکەن، هەورەها بڕیارە سبەینێ، سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیاش بکەن بۆ ئەوەی پرۆسەی دادگایکردنەکە بکەوێتە سەر رێچکەی دروستی خۆی و بکوژەکان بە توندرین شێوە سزا بدرێن.
بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە 19-01-2023 لە شارۆچکەی نسێبینی سەر بە پارێزگای مێردینی باکووری کوردستان، "پێنچ هاوڵاتی خەڵکی شاری دهۆک" لە ئۆتۆمبێلێکدا لە لایەن چەند کەسێکەوە شەهیدکران، لە کاتێکدا ئەو هاووڵاتیانەی باشووری کوردستان بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەریی نەخۆشی چووبوونە تورکیا.
رووداوەکە لە سەر ڕێگەی سەرەکی نوسێبین - مێردین لە باکووری کوردستان ڕوویدابوو.
داوی رووداوەکە هێزی ئەمنیەکانی تورکیا پێنچ کەس لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراون کە دوویان تاوانباری سەرەکین و سێیانی دیکەش هاوکارن، تا ئێستا دوو لە تاوانبارانی سەرەکی گیراون و سێی دیکەی بە کەفالەت ئازادکراون.