نەوزادهیتوتی: سەردانی پزیشکیان بۆ کوردستان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کوردستان فاکتەرێکی گرنگە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا

نەوزادهیتوتی شارەزای سیاسی و مامۆستای زانکۆ
نەوزادهیتوتی شارەزای سیاسی و مامۆستای زانکۆ

نەوزادهیتوتی شارەزای سیاسی و مامۆستای زانکۆ دەڵێت: سەردانی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کوردستان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کوردستان فاکتەرێکی گرنگە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا.

پێنجشەممە 12ـی ئەیلوولی 2024، نەوزادهیتوتی شارەزای سیاسی و مامۆستای زانکۆ بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد کە، سەردانی پزیشکیان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگیی هەیە، گوتی: عێراق پێگەیەکی زۆر گرنگیی بۆ سیاسەتی دەرەوەی ئێران هەیە لەڕووی ئابووری و سیاسی و ڕۆشنبیریی و لایەنەکانی دیکە.

دەشڵێت: بۆ هەرێمی کوردستانیش، ئێران پەیوەندییەکی مێژوویی هەیە لەگەڵ بەرژەوەندیی هاوبەش، لە ئاستی بازرگانیدا پەیوەندییەکان لە ئاستێکی بەرزدان، لە کۆی هەموو بازرگانی عێراق، سەدا 28ـی بازرگانیی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستانە، لەڕووی ئەمنیشەوە تێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان هەردوولادا هەیە.

دەڵێت: هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە هاوسەنگیی هێز لەگەڵ تورکیا و ئێران و وڵاتان بپارێزێت، ڕاگرتنی ئەو هاوسەنگییە کارێکی ئاسان نییە، لەگەڵ ئەوەی لە هەندێ بابەت سیاسەتییان جیاواز بێت، بەتایبەت لە پرسی کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان، هەرچەند داواکاریی ئەو وڵاتانە لە بەرژەوەندیی خۆیانە کە کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات، بۆیە سیاسەتی هەرێمی کوردستان ڕەنگە بە دڵی ئەوان نەبێت، پێویستە ئەو خاڵە جیاوازانە بە دیالۆگ چارەسەر بکەن.

ئەو شارەزایە گوتی: سەردانی پزیشکیان بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگە لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا، لەسەر ئاستی عێراقیش کاریگەریی گەورەی هەیە بەتایبەت لە پێکهێنانی حکوومەتی عێراقدا.

گوتی: هەرێمی کوردستان ئەکتەرێکی گرنگە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە، بەڵام لەسەر ئاستی عێراقدا ، هەرێمی کوردستان کێشەی بۆ دروست دەکرێت بەتایبەت لەسەر پرسی بوودجە و چارەسەرنەکردنی کێشەی شنگال.

ئاماژەی بەوە کرد کە، ئێران بە سەدان هەزار کۆمپانیای لە هەرێمی کوردستان هەن و دەروازەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەن، بۆیە ئێران لەبواری ئابووری پەیوەندییەکانی زۆر فراوانە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا.

گوتی: یەکەم سەردانی مەسعود پزیشکیان سەرۆک کۆماری ئێران بۆ عێراق دەرخەری ئەوەیە پەیوەندیی و بەرژەوەندییەکانی لەگەڵ ئەو وڵاتە بەهێزە، لەگەڵ ئەوەی عێراق نزیکەی 11ملیار دۆلار قەرزاری ئێرانە، بەڵام عێراق بەهۆی ئەو سزایانەی لەلایەن ئەمەریکاوە خراوەتە سەری، ناتوانێت ئەو پارەیە بە دۆلار بداتەوە ئێران.