پارتی: پێشبینی دەکەین 20ی مانگ بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ بکات

لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان

سەرچاوەیەک لە دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بە دووری دەزانین 16-09-2024 بانگەشەی هەڵبژاردن دەست پێ بکات، چونکە هێشتا پرۆسەی وردبینی لە لیستی کاندیدان بەردەوامە".

هەمان سەرچاوەی کوردستان24 پێیوایە، دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ڕۆژی 20ـی ئەم مانگە دوا دەخرێت. جەختیشی لەوە کردەوە، "پارتی بە باشترین شێوە خۆی بۆ ئەم هەڵبژاردنە ئامادە کردووە".

بەپێی ئامارەکانی کۆمیسیۆن، دوو ملیۆن و 899 هەزار و 578 کەس لە هەرێمی کوردستان کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان وەرگرتووەتەوە و مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن هەیە و لەو ژمارەیەش دوو ملیۆن و 683 هەزار و 618 دەنگدەر لە دەنگدانی گشتی و 215 هەزار و 960 دەنگدەریش لە دەنگدانی تایبەت بەشداری دەکەن.


هاوکات بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی دەنگدان، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەزار و 431 بنکەی دەنگدانی ئامادەکردووە کە هەزار و 266 بنکە بۆ دەنگدانی گشتی و 165 بنکەش بۆ دەنگدانی تایبەت دەبێت.


وابڕیارە لە 18ـی تشرینی یەکەمی 2024 پرۆسەی دەنگدانی تایبەت و 20ـی تشرینی یەکەمی 2024ـیش پرۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بەردەوامە لەسەر ئامادەکارییەکان